158 ناوەندی جوانکاری لە هەرێمی کوردستان هەن

بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری تەندروستیی هەولێر دەڵێت: پێویستە سەرجەم پزیشکانی ناوەندەکانی جوانکاری، کوتانی دژی هەوکردنی جگەریان بۆ بکرێت، بۆ ئەوەی نەبنە هۆیەک بۆ گواستنەوەی نەخۆشی. بڕوانامەی پزیشکی و پسپۆڕیی بواری جوانکاری، مەرجی سەرەکی کردنەوەی ناوەندەکانی جوانکارین.

پێنجشەممە، 13ـی شوباتی 2025، سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: مەرجی کردنەوەی ناوەندی جوانکاری، بوونی بڕوانامەی زانکۆی پزیشکی و پسپۆڕیی بواری جوانکارییە.

گوتیشی: لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان 158 ناوەندی جوانکاری هەن.  

سەبارەت بە سکاڵا تۆمارکراوەکانی سەر ناوەندەکانی جوانکاری، سەرکار سورچی، گوتی: سکاڵاکان دوو جۆرن، ئەو سکاڵایانەی لەسەر ناوەندەکان تۆمار دەکرێن، وەزارەتی تەندروستی ڕاستەوخۆ بەدواداچوونیان بۆ دەکات؛ بەڵام ئەو سكاڵایەنەی لەسەر پزیشکی ناوەندەکان تۆمار دەکرێت، هەندێک جار دەگەنە دادگا.

هەروەها دکتۆر ئامانج وەفایی، گوتەبێژی لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە هەرێمی کوردستان پزیشکی زۆرباشی پسپۆڕی بواری  جوانکاریمان هەیە، ئەو سکاڵایانەی لەسەر پزیشک تۆمار دەکرێن، بەگشتی لەسەر هەبوونی ماکە لەسەر پێستی ئەو کەسە دوای نەشتەرگەریی، یان ڕازیی نییە لەو نەشتەرگەرییەی بۆی کراوە. دوای تۆمارکردنی سکاڵا بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.

سەبارەت بە گواستنەوەی نەخۆشی لەنێو ناوەندەکاندا، دکتۆر بێریڤان عەدنان، بەڕێوەبەری کاروباری تەندروستی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لەکاتی کردنەوەی هەر ناوەندێکی جوانکاری، پێویستە ئەو پزیشکە کوتانی دژە هەوکردنی جگەری بۆ بکرێت، هەر بۆیە نابێت هیچ پزیشکێک بەبێ وەرگرتنی ئەم ڤاکسینە کار بکات.

بێریڤان عەدنان باسی لەوەش کرد "لە دووساڵی ڕابردوودا، بەدواداچوونی زۆرباش بۆ کوالیتیی ناوەندەکان و ئەو داو و دەرمانانە دەکرێت، کە لەو ناوەندانەدا بەکار دەهێنرێن.