شەقامى سەرەکیی هەولێر - بەحرکە بەڕووی شوفێراندا کرایەوە

دواى تەواوکردنى کارەکانى قیرتاوكردنی شەقامی سەرەكیی هەولێر - بەحركە، بە گوژمەى یەک ملیار و 645 ملیۆن دینار بەشێوەى بەڵێندەرایەتىی لە سەر بودجەى وەزارەتى شارەوانى و گەشت و گوزار، ئەمڕۆ شەقامەکە کرایەوە.
پێنجشەممە، 13ـی شوباتی 2025، کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: قۆناغی یەکەمی قیرتاوکردنی شەقامی سەرەکیی هەولێر-بەحرکە، لە شەقامی 100مەتری تاوەکوو شەقامی 120مەتری، تەواو کرا و لەچەند ڕۆژی داهاتووشدا، قۆناغی دووەمی قیرتاوکردن لە شەقامی 120مەتری تاوەکو 150مەتری دەست پێ دەکرێت.
سەرۆکی شارەوانی هەولێر، گوتیشی: قیرتاوکردنی شەقامەکە تەنیا سایدی چوونە بۆ بەحرکە، چونکە سایدی هاتن، کێشەیەکی زۆری نییە.
شەقامی هەولێر- بەحرکە، یەکێکە لە شەقامە سەرەكییەكانی هەولێرى پایتەخت و قەرەباڵغییەکی زۆری لەسەرە، ماوەى تەواوکردنى پرۆژەکە دوو مانگ بوو، بەڵام زووتر لەوادەی خۆی تەواو کرا.