کۆنفرانسی نێودەوڵەتی پاریس: پشتگیری حکوومەتی نوێی سووریا دەکەین

وڵاتانی بەشداربووی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی پاریس بۆ پشتیوانی سووریا بەڵێنیاندا، پشتگیری حکوومەتی نوێی سووریا بکەن و هاوکاریان پێشکەش بکەن و یارمەتی دەستبەرکردنی سەقامگیریی لەو وڵاتەدا بکەن.

لە دوای کۆنفرانسی نێودەوڵەتی پاریس بۆ پشتیوانی سووریا، نزیکەی 20 وڵات کە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و عەرەبی پێکهاتبوون، ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، پشتگیری قۆناغی ڕاگوزەری سووریا دەکەین کە بە شێوەیەکی ئاشتیانە بەڕێوەبچیت و لەژێر خاوەنداریەتی سووریا و بنەماکانی بڕیاری 2254ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت.

بەڵێنیشیاندا  پشتگیری حکوومەتی نوێی سووریا بکەن و هاوکاریان پێشکەشبکەن و یارمەتی دەستبەرکردنی سەقامگیریی لەو وڵاتەدا بکەن.

هەروەها ڕاشیانگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ سووریا کاردەکەن بۆ ئەوەی ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی گرووپە تیرۆریستیەکان بکەن و سووریاییەکی ئاشتی بنیاتبنێن.

هەر چەندە مانگی ڕابردوو یەکێتیی ئەورووپا  ڕەزامەندی لەبارەی  هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا بۆ ماوەی ساڵێک پیشان دا، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی یۆنان و قوبرس بەرانبەر دانوستانەکانی سنووری دەریایی نێوان سووریا و تورکیا، لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی پاریس هیچ لێدوانێک لەبارەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا نەدراوە.

ڕۆیتەرز  بڵاوی کردووتەوە، یۆنان و قوبرس داوا دەکەن دووبارە سزاکان بەسەر سووریا بسەپێنرێنەوە.

پێشتر ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا له‌ میانی کۆنفرانسەکدا ڕایگه‌یاندبوو، ڕێز له‌ سه‌رجه‌م گرووپه‌كانی سووریا دەگرن و یارمه‌تی سه‌قامگیریی ئەو وڵاته‌ دەدەن.

لەگەڵ ئەوەشدا سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا  داوای كرد بارودۆخێكی له‌ بار بڕه‌خسێنرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئاواره‌ سوورییه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ وڵاته‌كه‌یان و به‌شداریی له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا بكه‌ن.

جان نۆیڵ بارۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا دوای کۆنفرانسەکە ڕایگەیاندبوو، بۆ سەقامگیری سووریا، فەرەنسا 50 ملیۆن یۆرۆ پێشکەشی ئەو وڵاتە دەکات. 

هەروەها گوتیشی: قۆناغی ڕاگوزه‌ر له‌ سووریا پێویستی به‌وه‌یه‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ خۆ بگرێت، پێویستیشە چه‌كه‌كان له‌ سووریا بێده‌نگ بكرێن.

پێنجشه‌ممه‌، 13ـی شوباتی 2025، لە پاریس کۆنفرانسێکی نێودەڵەتی لە بارەی داهاتووی سووریا و قۆناغی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد بەڕێوە چوو.

لە کۆنفرانسەکەدا هەر یەک لە نوێنەرانی وڵاتانی (G7) کە پێک هاتوون لە ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، کەنەدا، بەریتانیا، ژاپۆن و لەگەڵ نوێنەرانی تورکیا، سووریا، سعوودیە، عێراق و لوبنان بەشدار بوون.

ئەمەریکا بە بیانووی ڕێکخستنەوەی حکوومەتەکەی بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا نەکرد.