پزیشکێکی پسپۆر: جەڵتەی دڵ لەنێو گەنجان زیادیکردووە

پزیشکێکی نەخۆشییەکانی دڵ ئاماژە بەوە دەکات، جەڵتەی دڵ لەنێو گەنجان زۆر زیادیکردووە و چەند هۆکارێکی سەرەکیشی خستۆتەڕوو.
هەینی 14ـی شوباتی 2025، د.شوان عوسمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە چەند ساڵی ڕابردوودا جەڵتەی دڵ لەنێو گەنجان زۆر زیادیکردووە و مەترسی زیاتریشی هەیە، چونکە بەشێکی زۆری گەنجان بێ ئاگان لە هۆکارەکانی جەڵتەی دڵ.
شوان عوسمان، گوتیشی:" چەند توێژینەوەیەکی زانستیمان ئەنجامداوە لەبارەی هۆکارەکانی جەڵتەی دڵ لەنێو گەنجان لە هەرێمی کوردستاندا. گرنگترین هۆکارەکان بەرزی ڕێژەی چەوری، بەتایبەتی چەوری خراپ، جگەرەکێشان، فشاری بەرزی خوێن(زەخت)، بەرزی ڕێژەی شەکر".
شوان عوسمان ئاماژە بەوەدەکات، ئەو کەسانەی لە نێو خانەوادەکانیان نەخۆشی دڵیان هەیە، پێویستە چەند مانگ جارێک سەردانی پزیشک بکەن و پشکنینی چەوری ئەنجام بدەن.
د. شوان عوسمان باس لەوەش دەکات، هۆکاری دیکەش هەن بۆ جەڵتەی دڵ لەنێو گەنجان، وەک، خواردنی ناتەندروست، بەتایبەتی خورادنە خێراکان ، کەمی جوولە، خەوی ناڕێک.