ترەمپ: ئەمەریکا و رووسیا و ئوکرانیا لە میونشن کۆدەبنەوە؛ ئوکرانیاش ڕەتی دەکاتەوە

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، شاندەکانی ئەمەریکا و ڕووسیا و ئۆکرانیا لە میونشن کۆدەبنەوە و ڕاوێژکاری ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیاش لێدوانەکانی ترەمپ ڕەت دەکاتەوە.
هەینی 14ی شوباتی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، شاندی باڵای ئەمەریکا و ڕووسیا و ئۆکرانیا لە میونشن دیداریان دەبێت.
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەشدا، شاندی ڕووسیا بەشداری کۆڕبەندی ئاسایشی میونشن دەکەن و بانگهێشتنامەش بۆ ئۆکرانیا نێردراوە.
ترەمپ گوتیشی: نازانم کێ لە شاندەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەبێت، بەڵام دڵنیام لە شاندێکی باڵا پێکدێن.
لای خۆشییەوە دیمیترۆ لیتڤین، ڕاوێژکاری ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپی ڕەتکردەوە و گوتی: لە میونشن لەگەڵ شاندی ڕووسیا کۆ نابینەوە.
ئەو ڕاوێژکارە گوتیشی، لە کاتێکدا دەچینە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ ڕووسیا کە لایەنی سێیەم ئامادە بێت، هەروەها دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبارەی دانوستاندنەکانمان لەگەڵ ڕووسیا هەڵوێستیان هەبێت، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ هەڵوێستێکمان نەبینیوە.
بڕیارە لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کە ئەمڕۆ هەینی بەڕێوەدەچێت، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا دیداریان هەبێت.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا دۆناڵد ترەمپ گوتی: حەز دەکەم ڕووسیا بگەرێتەوە بۆ گرووپیG7، پێم وایە دەرکردنی ئەو وڵاتە لە گرووپەکە کارێکی هەڵە بووە.
لە ساڵی 2014 دوای ئەوەی مۆسکۆ کریمیای ئۆکرانیای کۆنترۆڵ کرد، لە گرووپی G7 دەرکرا.