حەماس سێ بارمتە بەرانبەر بە ئازادکردنی 369 فەڵەستینی ئاڵوگۆڕ دەکات

بڕیارە سبەینێ، لە چوارچێوەی قۆناغی دووەمی ئاگربەستی شەڕی غەززە، ئیسرائیل 369 فەڵەستینی و لە بەرانبەریشدا بزووتنەوەی حەماس سێ بارمتەی دیکە ئازاد بکەن.

هەینی 14ـی شوباتی 2025، نووسینگەی ڕاگەیاندنی زیندانیانی فەڵەستینی ڕایگەیاند، بڕیارە سبەینێ شەشەمین قۆناغی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لەنێوان ئیسرائیل و حەماس بەڕێوەبچێت و لەو 369 زیندانییە فەڵەستینییەشی کە ئازاد دەکرێن، 36 کەسیان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە.

هەروەها ئاماژەی داوە، 333 کەسی دیکەش لەو زیندانییانەی سبەینێ کە ئازاد دەکرین، ئەو کەسانەن لە دوای 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 لە غەززە لە دوای هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلەوە دەستگیرکراون.

لەلایەن خۆیەوە ئەبو عوبێدە، گوتەبێژی باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاندووە، دوو هاووڵاتیی ئیسرائیلی بە ناوەکانی ساجی دیکڵ چین و یائیر هۆرن لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکەی جوی ڕووسیا بەناوی ئەلێکساندەر تۆربانۆڤ ئازاد دەکات.

هەروەها نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، لە ڕێگەی هەردوو وڵاتی نێوەندگیری میسر و قەتەر، ناوی ئەو سێ بارمتەیان بە دەست گەیشتووە، کە بڕیارە بزووتنەوەی حەماس لە غەززە ئازادیان بکات.

لە بارەی ئاگربەستیشەوە، گوتەبێژەکەی باڵی سەربازیی حەماس دەڵێت: لە سێ هەفتەی ڕابردوودا، سوپای ئیسرائیل چەندین پێشێلکاریی لە بنەماکانی ئاگربەستدا کردووە، لەوانەش دواخستنی وادەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ باکووری غەززە و تۆپبارانکردنی کاروانەکانی گەڕانەوەی ئاوارەکان بووە، جگە لەوەی لە چەندین ناوچەش دەستڕێژیان لە خەڵکی کردووە، هاوکات ڕێگریشیان لە هاتنی کاروانی هاوکارییە مرۆییەکان کردووە.

ئەوە سێ بارمتە ئیسرائیلییەی کە بڕیارە سبەینێ حەماس ئازادیان بکات