بوڵدان: بۆچوونی سەرۆک بارزانی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی زۆر گرنگە

ئەندامێکی شاندی دەم پارتی بۆ زیندانی ئیمراڵی، ڕایگەیاند: کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک بارزانی و وەرگرتنی بۆچوونەکانی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی زۆر گرنگە، هەروەها بۆچوون پێشنیازی سەرۆک بارزانی لەبارەی پرۆسەکە بەهەند وەردەگرن و دواتر بە ئۆجەلانی دەیگەیەنن.
هەینی 14ـی شوباتی 2025، پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی دەم پارتی بۆ زیندانی ئیمراڵی، بە کوردستان24ـی گوت: ئێمە سەردانێکی زۆر گرنگ بۆ هەولێر ئەنجام دەدەین و، ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی کۆدەبینەوە.
باسی لەوە کرد، لە کۆبوونەوەکاندا زانیاری لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی تاوتوێ دەکەین، لە دوای ئەوەی دوو جار لەگەڵ ئۆجەلان گفتوگۆمان کردووە و پێی ڕاگەیاندووین، کە کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک بارزانی و وەرگرتنی بۆچوونەکانیان لەبارەی پرۆسەکە زۆر گرنگە.
ئەو ئەندامەی شاندی دەم پارتی بۆ زیندانی ئیمراڵی، گوتی: لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆک بارزانی بۆچوون و بیرکردنەوە و پێشنازە گشتگیرەکانی لەبارەی پرۆسەکە بەهەند وەردەگرین و دواتر بە ئۆجەلانی ڕادەگەیەنین.
لە دوای دوو جار کۆبوونەی شاندی دەم پارتی لەگەڵ ئۆجەلان، پەروین بوڵدان، لەبارەی سازدانی کۆبوونەوەی سێیەم بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ سەردانی زیندانی ئیمراڵی دانەنراو و چاوەڕێ دەکرێت بانگەوازێک لەلایەن ئۆجەلانەوە هەبێت، بەڵام هیچ وادەیەک بۆ ئەم بانگەوازەش دیاری نەکراوە.