حوسییەکان بە بەکارهێنانی سەدان قوتابخانە بۆ کۆکردنەوەی سەرباز تۆمەتبار دەکرێن

ڕێکخراوی میون بۆ مافەکانی مرۆڤ، حوسییکان بە بەکارهێنانی سەدان قوتابخانەی حکوومی و تایبەت بۆ کۆکردنەوەی سەرباز تۆمەتبار کرد.

هەینی 14ـی شوباتی 2025، ڕێکخراوی میون بۆ مافەکانی مرۆڤ، بڵاوی کردەوە، کە 700 قوتابخانەی حکوومی و تایبەتی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان، وەک ناوەندێک بۆ کۆکردنەوەی منداڵان، بە سەربازکردنیان و ڕاهێنانپێکردنیان لەسەر چەکی سووک و مامناوەند بەکار دەهێنرێن.

ڕێکخراوەکە، لە ڕاگەیەندراوێکدا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی بەکارهێنانی منداڵان وەک سەرباز، دەڵێت: بە قووڵی نیگەرانە لە زیادبوونی ژمارەی منداڵانی سەرباز لە یەمەن، چونکە پرۆسەکە لە کۆتایی ساڵی 2024 گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی.

جەختی لەوەشکردەوە، حوسییەکان بەردەوامن لە بەکارهێنانی منداڵان و بێبەشکردنیان لە مافی ژیان و خوێندن، هەروەها بەرکەوتنیان بە مەرگ و برینداربوون هەڕەشە لە داهاتوویان دەکات، ئەمەش پێشێلکارییەکی جیددییە بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ بە تایبەتی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی منداڵ.

ڕێکخراوی میون بۆ مافەکانی مرۆڤ، داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات، ڕێگری بکەن لە بە سەربازکردنی منداڵانی یەمەن، چونکە وەک خۆی ئاماژەی پێ دەکات، ئەم پرۆسەیە هەڕەشەیە بۆ سەر داهاتوویان.