پەرلەمانی ئەورووپا له‌باره‌ی دانانی قه‌ییومه‌كان له‌ توركیا بڕیار ده‌دات

پەرلەمانی ئەورووپا
پەرلەمانی ئەورووپا

پەرلەمانی ئەورووپا لە بڕیارنامەکانی 13ـی شوباتدا، کۆمەڵێک بڕیاری داوە و یەکێک لەوانە تایبەتە بە دانانی قەییوم، لەو سۆنگەیەوە لە ڕاگەیەندراوێکدا هاتووە، سزاکانی سەر محەممەد سدیق ئاکش، هاوسەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ و عەبدوڵلا زەیدان، هاوسەرۆکی گەورە شارەوانیی وان، بێ بنەمان.

لە دواین دانیشتنیدا، پەرلەمانی ئەورووپا کۆمەڵێک بڕیاری نوێی دەرکرد، بابەتی دانانی قەییومیش یەکێک بوو لەو بابەتانەی کە لە بەرنامەی کاری دانیشتنەکەدا شوێنی بۆ کرابووەوە، دوای پرۆسەی دەنگدان کۆمەڵێک بڕیار دەرکرا کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە دۆزی کورد هەیە لە تورکیا.

لە ڕاگەیەندراوێکدا بڕیارەکان بڵاو کراونەتەوە و تێیدا هاتووە، دانانی قەییوم لە شارەوانییەکان نایاسایین، هەروەها تۆمەتەکانی سەر محەممەد سدیق ئاکش، هاوسەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ و عەبدوڵلا زێدان، هاوسەرۆکی گەورە شارەوانیی وان بێ بنەمان.

جەخت لەوە کراوە، رێکاری قەییوم زیاتر بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکان و شارەوانییەکانییەتی، لەو سۆنگەیەوە داوا دەکرێت رێکاری دانانی قەییوم هەڵبگیرێت و کێشەی کورد لە تورکیا چارە بکرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باسی جەهەپەش کراوە و ئاماژە بەوە دراوە، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستانبوڵ بەهۆی دۆسیە یاساییەکانی سەریەوە ڕووبەڕووی قەدەغەی سیاسیی بووەتەوە. 

لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی دەستی پێ کردووە و داوا دەکرێت لەبەرامبەر چەک دانانی پەکەکە، کۆمەڵێک مافی بنەرەتی بۆ کورد بگەڕێندرێتەوە، بەڵام دانانی قەییوم بەسەر 8 شارەوانیی دەم پارتی و دوورخستنەوەیان لە شارەوانییەکان وەک کۆسپ لەبەردەم بەرەوپێشبردنی ئەو قۆناغە دەبینرێت.