گرووسی: بۆ جڵەوگری بەرنامەی ئەتۆمی ئێران کاتێکی ئەوتۆمان لە بەردەم نییە

ڕافائێل گرووسی، بەڕێوبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەڵێت: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نابێت، بۆ جڵەوگری بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، کاتی زیاتر بە فیڕۆ بدات، هەربۆیە بەر لەوەی کار لە کار بترازێت، پێویستە ڕێککەوتنێک بکرێت.
گرووسی ئەمڕۆ هەینی 14ـی شوباتی 2025، لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشیی میونشن بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: ئەندامانی ئەنجوومەنی بڕیاردەر لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، داوایان لە ئاژانسەکە کردووە بەر لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە ڕاپۆرتێکی گشتگیر سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران ئامادە بکرێت، کە بڕیارە ئەنجوومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە مانگی نیسان کۆ ببێتەوە.
هەروەها ئاماژەی دا، ئەگەر هەیە تاوەکوو هەفتەی داهاتوو، ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەردەچێت، ئێران نزیکەی 250کیلۆگرام یۆڕانیۆمی پیتێندراو بە ڕێژەی %60 بە دەست بێنێت.
گرووسی گوتیشی: بڕوام وایە بۆ جڵەوگیرکردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران کات کۆتایی هاتووە، بەڵام بەم مانایەش نایەت کە ناتوانین بە خێرایی هیچ کارێک بکەین، چونکە پەلەپەلی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بە ڕێژەی %60 ئاماژەیە بۆ ئەوەی دەبێت، ئەم پرسە بە جیددی وەبگیرێت.
هەروەها ئاشکرای کرد، کە ئاژانسەکەی زانیاریی تەواو و وردی لەبەردەستە، بەڵام کە پرسەکە دەگاتە بواری سیاسی، دەبێت وڵاتەکان بڕیاری لەسەر بدەن، هەر بۆیە تاوەکوو ئێستا نەیانتوانیوە لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمەریکا لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی ئێران هیچ گفتوگۆیە بکەن.
گوتیشی: ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم چاوەڕوانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەکات تاوەکوو نوێنەری تایبەتی خۆی بۆ پرس و دۆسیەی ئەتۆمی ئێران دەست نیشان دەکات.