لایەنگرانی حزبوڵڵای لوبنان، ڕێگاکانی دەوروبەری فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریرییان داخست

لایەنگرانی حزبوڵلای لوبنانی، ڕێگاکانی دەوروبەری فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریرییان لە بەیروت داخست و ئۆتۆمبێلێکیشیان سووتاند.

هەینی 14ـی شوباتی 2025، مێدیاکانی لوبنان بڵاویان کردەوە، لایەنگرانی حزبوڵلای لوبنانی، ڕژانە سەر شەقام و ڕێگاکانی دەوروبەری فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریرییان داخست، هەروەها هێرشیان کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی سەر بە هێزی کاتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان (یونیفێل) و سووتاندییان.

بە پێی میدیاکانی وڵاتەکە، سوپای لوبنان بە خێرایی دەستوەردانی کرد  و هێزیان بۆ کردنەوەی ڕێگەکانی فڕۆکەخانەکە نارد. هۆکاری دروستبوونی ئەم خۆپیشاندانەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، پێنجشەممە 13ـی شوباتی 2025، لە فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری لە بەیرووت ڕێگریی لە نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی ئێرانی کراوە بە تۆمەتی ئەوەی پارەی بۆ حزبوڵلا گواستووەتەوە.

هەروەها سوپای لوبنان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، چەند ناوچەیەک بە تایبەتی دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ڕەفیق حەریری، شاهێدی ناڕەزایەتییەکانن کە بریتین لە هێرشکردنە سەر کارمەندانی سوپا و هێرشکردنە سەر ئۆتۆمبێلەکانی سەر بە هێزی کاتیی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیفێل).

لای خۆیەوە نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە کارمەندەکانی کرد خۆیان لە ڕێگای فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری بەدوور بگرن.