لە پارێزگای میسان ژمارەیەک ئەندامی گرووپی قوربان دەستگیر کران

وێنەی ئەندامە دەستگیرکراوەکانی گرووپەکە
وێنەی ئەندامە دەستگیرکراوەکانی گرووپەکە

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ڕایگەیاند، لە پاریزگای میسان 10 ئەندامی گرووپی 'قوربان'یان دەستگیر کرد. 
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، "لە سەنتەری پارێزگای میسان 10 ئەندامی گرووپی خۆکوژیی 'قوربان'ـیان دەستگیر کردووە، کە ویستوویانە لە سێ رۆژی داهاتوودا ڕێوڕەسمی ڕاکێشانی تیروپشک بۆ هەڵبژاردنی قوربانیان و خۆکوشتنیان بکەن."

ئاماژەی بەوەش کرد، "ئۆپەراسیۆنەکە دوای وەرگرتنی زانیاریی هەواڵگری بووە، سەبارەت بە نیازی گرووپەکە بۆ ئەنجامدانی ڕێوڕەسمە توندڕەوەکانی. ڕاشیگەیاند، تیروپشکەکە کەوتە سەر کەسێک بەناوی (ع.س.)، کە بڕیاربوو لە ماوەی سێ ڕۆژی داهاتوودا خۆی هەڵواسێت".

لە مانگی تەمموزی ساڵی 2024 هێزە ئەمنییەکانی عێراق 39 ئەندامی ئەو گرووپەیان لە پارێزگاکانی واست، بەسرە، موسەننا و دیوانیە دەستگیرکرد. هەروەها 'گرووپی قوربان' لە عێراق قەدەغەکراوە، کە بەگوێرەی دەستوور و یاساکانی عێراق، ئەندامێتی لەو گرووپانە بە تاوان دەزانرێت کە بیرۆکەی توندڕەو پەرە پی دەدەن یان توندوتیژی دەکەن.