حەماس سێ بارمتەی ئیسرائیلی بەرانبەر زیاتر لە 300 فەڵەستینی ئازاد دەکات

بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، گەڕی شەشەمی ئاڵوگۆڕی زیندانیان لە نێوان حەماس و ئیسرائیل بکرێت، ئەمەش وەک جیبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە، کە لە 19ـی کانوونی دووەمی 2025 کەوتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
بڕیارە حەماس هەریەک لە (یائیر هۆرن، ساجی دیکل حەن و ساشا ئەلێکساندەر ترۆبنۆف)ـی ئیسرائیلی ئازاد بکات.
دیکل حەن، ئیسرائیلی-ئەمەریکیە، تروبنۆڤ، ڕوسی-ئیسرائیلییە و یائیر هۆرنیش ئیسرائیلییە.


بزووتنەوەی حەماس، ڕاشیگەیاند "ئەوە سێ ئیسرائیلییە بەرانبەر 369 زیندانی فەڵەستینی ئازاد دەکرێن، ئەمەش لە کاتێکدایە مەترسی هەبوو بەر لەتەواوبوونی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە، ڕێککەوتنەکە هەڵبوەشێتەوە."
مانگی ڕابردوو، حەماس ڕازی بوو لەسەر ئازادکردنی 33 ئیسرائیلی بەرانبەر بە ئازادکردنی سەدان زیندانیی فەڵەستینی، ماوەی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە شەش هەفتەیە، هەروەها دەبێت لەو ماوەیەدا هێزەکانی ئیسرائیل لە هەندێک ناوچەی غەززە بکشێنەوە.
حەماس، لە کۆی ئەو 33 بارمتە ئیسرائیلیە، تاوەکوو ئیستا 16 کەسی ئازاد کردووە، کە پێنجیان تایلەندیی بوون، هەروەها بە گوێرەی زانیارییەکانی ئیسرائیل، 76 بارمتەی دیکەی ئیسرائیلی لە کەرتی غەززە ماون.

بڕیارە هەفتەی داهاتوو لەسەر قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستە سێ قۆناغییەکە دەست پێ بکات، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت ئەو زیندانییە ئیسرائیلییانەی کە ماونەتەوە لە بەرامبەر سەدان فەڵەستینی ئازاد بکرێن. ڕۆژی هەینی، سەرکردەیەکی بزووتنەوەی حەماس پشتڕاستی کردەوە، پێشبینی دەکەن قۆناغی دووەمی دانوستانەکان لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست پێ بکات، ڕوونیشی کردەوە "نێوەندگیرەکان لەم بارەوە درێژە بە دانوستانەکان دەدەن".
قۆناغی سێیەم و کۆتایی ڕێککەوتنەکە ئاوەدانکردنەوەی غەززەیە، کە پڕۆژەیەکی گەورەیە، نەتەوە یەکگرتووەکان تێچووی ئاوەدانکردنەوەی کەرتەکە بە زیاتر لە 53 ملیار دۆلار مەزەندە دەکات.