سەدر: دەستی سیاسی له ‌پشت بڵاوبوونه‌وه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وەن

موقته‌دا سه‌در ڕایگەیاند، دەستی سیاسی له ‌پشت بڵاوبوونه‌وه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه‌ن و ژمارەیەک کەس لە ناوەوە و دەرەوەی حکوومەت لێی سوودمەندن. ‌

موقته‌دا سه‌در، ڕێبه‌ری ڕه‌وتی نیشتمانیی شیعه‌، لە وەڵامی پرسیاری لایەنگرێکیدا، ئاماژەی بەوە دا "کێشەی بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان و بڵاوبوونەوەی لە عێراق، بەهۆی سوودمەندانی ناوەوە و دەرەوەی حکوومەتەوەیە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە دەستی سیاسی لە پشتەوەیە."

ڕێبه‌ری ڕه‌وتی نیشتمانیی شیعه‌، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد "کێشەکە ئەوەیە سوودمەندانی ماددە هۆشبەرەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی حکوومەتەوە هه‌ن، بۆیە بازرگانی پێوه‌ ده‌كرێت، بەداخەوە جگه‌ له‌ هۆی ئابووری، ڕەنگە دەستی سیاسیشی له‌ پشته‌وه ‌بێت."

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە ماوەی ساڵانی 2022 تاوەکوو 2024 نزیکەی 40 هەزار کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان، دەستگیر کراون. زۆرترین مامەڵەش بە کریستاڵەوە کراوە. 

بە گوێرەی هەمان ئامار، ساڵی ڕابردوو، 662 تۆڕی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر لە عێراق هەڵوەشێنراونەتەوە و 148 تۆمەتباریش سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە.