سەدان ئەفسەری پلە باڵای ڕژێمی ڕووخاوی ئەسەد، لە بەغدا نیشتەجێ کراون

ڕاپۆرتێکی ئەمەریکی ئاشکرای کردووە، نزیکەی 100 بەرپرس و ئەفسەری ڕژێمی پێشووی بەشار ئەسەد، کە پێشتر بۆ عێراق هەڵاتوون، ڕەتیان کردووەتەوە بگەڕێنەوە سووریا.

ڕاپۆرتە ئەمەریکییەکە ڕایگەیاندووە "لە 7 و 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، عێراق، لە دەروازەی ئەلبوکەمال پێشوازیی لە 2493 بەرپرس و ئەفسەر و سەربازی ڕژێمی ڕووخاوی بەشار ئەسەد کردووە."

هەروەها لە 19ـی کانوونی یەکەمی 2024، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ڕایگەیاند "1905 ئەفسەر و سەربازیان لە دەروازەی قائیم ڕادەستی هێزەکانی پاراستنی سووریا کردووەتەوە."

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی عێراقی لە پارێزگای ئەنبار، بەبێ ئەوەی ناوی ئاشکرا بکات ئەو ڕاپۆرتەی پشتڕاست کردەوە و گوتی: کۆمەڵێک ئەفسەری سووری بەهۆی هەبوونی مەترسی لەسەر ژیانیان، ڕەتیان کردووەتەوە بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، بۆیە ڕاستەوخۆ لە ئەنبارەوە گواستراونەتەوە بەغدا."

ئەو بەرپرسە ئەوەی پشتڕاست نەکردووەتەوە، ئایا ئەو ئەفسەرانە لە بەغدا نیشتەجێ کراون یاخود گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی دیکە.

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی ڕۆژنامەوانی، ئەو ئەفسەرانەی کە ئامادە نەبوون بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، بە ڕێوشوێنی توندی ئەمنیی گواسترانەوە بۆ بەغدا، دواتر گرووپێکیان چوونەتە ڕووسیا و بیلاڕووس و وڵاتانی کەنداو."

ئاماژە بەوەش کراوە "ئەوانەی لە عێراق ماونەتەوە، هەندێکیان گواستراونەتەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون لە بەغدا، ئەوانی دیکەش براونەتە کەمپی "ئەشرەف" لە پارێزگای دیالە. زۆرینەی ئەو ئەفسەر و سەرکردە سوورییانەی لە بەغدان، لە ئەفسەرە پلەبەرزەکانن و پلەی فەریقیان تێدایە و زۆربەیان فەرماندە و ئەفسەری فیرقەی چوارن، کە لەلایەن ماهر ئەسەد، برای بەشار ئەسەدەوە سەرۆکایەتییان دەکرا.