ڕووسیا و ئەمەریکا لیژنەی دانووستانکاریان بۆ گفتوگۆکان دەستنیشان کردووە

پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ڤلادیمێر پوتین و دۆناڵد ترەمپ، بەستەڵەکی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکای تواندووەتەوە.
بەگوتەی دیلپۆماتکارێکی ڕووس، هەردوولا، لیژنەی دانوستانکاریان دەستنیشان کردووە، بەڵام ئێستا بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپا نیگەرانن و داوا دەکەن لە گفتوگۆکانی تایبەت بەچارەکردنی قەیرانی ئۆکراینا بەشداربن، بەدیدی پسپۆڕان لە مۆسکۆ، وڵاتانی ئەورووپا ناتوانن بێلایەن بمێننەوە.
ڤڵادیمێر پەلێنێۆڤ. جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی ڕووسیا- ئەڵمانیا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئێمە سەرەتا دەبێت پرۆسەی دانوستان لەگەڵ هاوبەشە ئەمەریکاییەکان دەست پێ بکەین، چونکە ئەمە بڕیاری لەسەر دراوە، لیژنەی دانوستانکار لە هەردوولا دەستنیشان کراون، ئەوەی گرنگە دەست پێ بکەن؛ دواتر وردەکاری بابەتەکە و چوارچێوەی دانوستانەکاندا دەکرێت، دوای ئەوە بێگومان، دیدار لەنێوان بەرپرسە باڵاکاندا دەکرێت، جارێ زووە باس لە ئاکامی هەڵبژاردنەکان بکەین، شەو و ڕۆژێک بەسەر گفتوگۆی نێوان دوو سەرۆکدا تێ نەپەڕیوە، گرنگە کە ویستی هەردوو سەرۆک بۆ ئاشتی هەیە و لیژنە ڕاسپێردراوە بۆ سەر ڕێخستنی پرۆسەکە."
ماریا خەرۆلسکایا، توێژەر لە پەیمانگەی پریماکۆڤ دەڵێت: بێگومان یەکێتیی ئەورووپا دەخوازێت بەشداریی کاراتر لە پرۆسەی دانوستانەکاندا بکات، بەڵام ئەم هەنگاوە دەشێت پرۆسەکە ئاڵۆزتر بکات، چونکە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئەورووپا وەک پۆڵەنداو وڵاتانی بەڵتیک، پرۆسەکە دژوارتر دەکەن، من گومانم هەیە ڕێگە بە پۆڵەندا بدرێت بەشدار بێت، هەرچی ئەڵمانیا و فەرەنساشە ئەستەمە وەک ڕێکەوتنی مینسک ڕۆڵی نێوەندگیر و سەرەکییان هەبێت، چونکە ئێستا ئەو وڵاتانە ناتوانن نێوەندگیر و بێلایەن بمێننەوە، پاشان چین و توێژە ئیلیتەکان لە فرەنسا و ئەڵمانیا ناخوازن و ئامادە نین بەشداریی سەرەکی بن، چونکە مێرکل و ئۆلاند لە ڕێککەوتنی مینسک لە ناوخۆدا دووچاری ئاڵەنگاری گەورە بوونەوە، واتە ڕەوشی ئێستا وا دەخوازێت کە وڵاتانی ئەورووپا نێوەندگیر نەبن.
لای خۆیەوە ڤڵادیسلاڤ ڤەڕاتینکۆڤ، سەرۆکی بەشی مێژوو و سیاسەتی وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریکا، گوتی: لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا وڵاتانی ئەورووپا ڕۆڵی بنیادنەریان نەگێڕاوە لەم پرسەدا. هاوکات، ناخوازن لە هەڵوێست و پێگەی ڕووسیا تێبگەن، بۆیە بەشداریی ئەوان دەبێت لە ژێر ڕۆشنایی خوێندنەوە و ڕەوچاوکردنی بەرژەوەندیی هەموو لایەنەکاندا بێت، ئەگەر ئەورووپاییەکان خۆیان وەک براوەی جەنگی سارد ببینن و بخوازن ڕێوشوێن دیاری بکەن بۆ ڕووسیا و مەرجی بەسەردا بسەپێنن، ئەوا بێگومان تەنها کاریگەری نەرێنییان لەسەر دانوستانەکان دەبێت؛ بۆیە ڕەوتی دانوستانەکان لەنێوان سەرۆکی ڕووسیا و سەرۆکی ئەمەریکا زیاتر وەڵامی بۆ بارودۆخەکە پێیە، دوای ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپا رایانگەیاندووە، ئەوانیش دەیانەوێت لە دیدار و گفتوگۆکاندا بەشداربن.