واده‌ی دیداری نێوان تره‌مپ و پوتین ئاشكرا كرا

ئاژانسێكی هه‌واڵی واده‌ی دیداری نێوان سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و سه‌رۆكی ڕووسیا ئاشكرا ده‌كات؛ ده‌شڵێت، دیداره‌كه له وڵاتێكی عه‌ره‌بی ده‌بێت.
شه‌ممه، 15ـی شوباتی 2025، ئاژانسی هه‌واڵی "بلومبێرگ" بڵاوی كرده‌وه، دیداری نێوان دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكی ڕووسیا له كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا له سعوودیه به‌ڕێوه ده‌چێت.
هه‌ینی، 14ـی شوباتی 2025، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئاماده‌یی سعوودیه‌ی بۆ میوانداریی لووتكه‌ی نێوان دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكی ڕووسیا ده‌ربڕی.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه هه‌روه‌ها پێشوازی له‌و هه‌وڵانه كرد كه ئامانج لێیان كۆبوونه‌وه‌ی نێوان تره‌مپ و پوتینه. جه‌ختیشی كرده‌وه، سعوودیه پشتگیریی له هه‌ر هه‌وڵێك ده‌كات بۆ به‌دیهێنانی ئاشتییه‌كی به‌رده‌وام له نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه هاوكات پابه‌ندبوونی خۆی بۆ هه‌وڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ سه‌قامگیریی ناوچه‌كه دووپات كرده‌وه و ئومێدی خواستووه لووتكه‌ی نێوان سه‌رۆكانی ئه‌مه‌ریكا و ڕووسیا هاوكار بێت بۆ گفتوگۆ و لێكتێگه‌یشتن له نێوان هه‌ردوولادا.