بەفر و باران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و جووتیارانیش دڵخۆشن

شارەزایەکی کەشناسی دەڵێت: بەفر و باران ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و جووتیارێکیش ئاماژە بەوەدەکات، بارانی ئەم دواییانە هیوای زۆری بۆ جووتیاران گەڕاندەوە.
شەممە، 15ـی شوباتی 2025، محەمەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بەگوێرەی پێشبینییەکان لە درهنگانی سبەی شەو، نمەباران سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزن.
محەممەد کەمال، گوتیشی: لە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممەوە، واتە 20ـی شوباتی 2025، شەپۆلێکی بەفر و باران سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، پێشبینی دەکرێت لە نێو سەنتەری شارەکان بەفر ببارێت، ئەم شەپۆلە پچڕ پچڕ بەردەوام دەبێت و لە ڕۆژانی 26ـی شوبات و 27، شەپۆلەکە زۆر بەهێزتر دەبێت.
لەلای خۆیەوە، ئەمڕۆ شەممە، 15ـی شوباتی 2025، عەلی گەردی، جووتیارێکی دەڤەری بەڕانەتی سنووری پارێزگای هەولێرە، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بارانی ئەم مانگە هیوایەکی زۆری بۆ جووتیاران گەڕاندەوە، ئەگەر بەردەوامی هەبێت، سوودی نەک تەنیا بۆ گەنم، بەڵکوو بۆ ئاوی ژێرزەوی و سەرجەم بهرههمه کشتوکاڵییەکان دەبێت.