سەرۆکی بولگاریا هیواخوازە هەرچی زووە بۆری نەوتی کەرکووک - جەیهان بخرێتەوە کار

سەرۆکایەتیی کۆماری بولگاریا بەیاننامەیەکی لەبارەی کۆبوونەوەی ڕومێن ڕادێڤ، سەرۆکی وڵاتەکە و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوەتەوە و تێیدا دەڵێت: ڕومێن ڕادێڤ لەو دیدارەدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی هیوای خواستووە لە زووترین کاتدا هەناردەی نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی بۆری بەندەری جەیهانەوە دەست پێ بکاتەوە، کە ئاسۆی دابینکردنی ڕاستەوخۆی نەوتی خاوە بۆ ئەورووپا.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی بولگاریا هاتووە:"عێراق دەتوانێت ڕۆڵێکی کارا و گەورەتر لە دابینکردنی سەرچاوەکانی وزە و هەمەچەشنکردنی وزەی ئەورووپا بگێڕێت،" ئەمە قسەی سەرۆکی بولگاریا، ڕومێن ڕادێڤە لە دیدارێکدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
هەردوولا لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن گفتوگۆیان کردووە و لە میانی دیدارەکەدا خواستی هاوبەشیان بۆ پەرەپێدانی هاوکاریی ئابووری و بازرگانی هاوبەش دووپاتکردووتەوە.
هەروا ڕومێن ڕادێڤ هیوای خواستووە لە زووترین کاتدا بۆری نەوتی کەرکووک - جەیهان بخرێتەوە کار، چونکە سەروەچاوەی دابینکردنی نەوتی خاوە بۆ ئەورووپا.
سەرۆکی بولگاریا پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە بەرەوپێشبردنی سەقامگیری و گەشەپێدان لە عێراق و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربڕیوە.
هەروەها هیوا خوازە حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بەم زووانە پێک بهێنرێت و بڕوای وایە ئەم کارە زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ بولگاریا بەرەوپێش دەبات.
سەرۆکایەتی کۆماری بولگاریا نووسیوویەتی: لە میانی دیدارەکەدا تیشک خرایە سەر ڕۆڵی بەرچاوی هەرێمی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.