بۆ گفتوگۆ دەربارەی چەکی ئەتۆمی، واشنتن و سیئۆل و ژاپۆن کۆ بوونەوە

وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا و ژاپۆن و کۆریای باشوور لە میونشن، بۆ پرسی داماڵینی "چەکی ئەتۆمی" کۆریای باکوور کۆبوونەوە. ئەوەش یەکەم کۆبوونەوەیانە لە دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ، بۆ کۆشکی سپی.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی هاوبەش، کە لایەنی ئەمەریکی بڵاوی کردۆتەوە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و تاکیشی ئیوایا، هاوتا ژاپۆنییەکەی و چۆ تای یۆل، وەزیری دەرەوەی کۆریای باشوور، لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، هاوهەڵوێستی وڵاتەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەکی ئەتۆمی کۆریای باکوور دووپات کردووەتەوە.
ئەوان "پابەند بوونی خۆیان بۆ گەیشتن بە داماڵینی تەواوی چەکی ئەتۆمی لە کۆریای باکوور، بەپێی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان" دووپات کردەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە " هەرسێ وڵات نیگەرانی خۆیان لە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکی بالیستی کۆریای باکوور و چالاکییەکانی دەربڕیوە، بەتایبەت؛ دزینی دراوە کریپتۆکان و پەرەسەندنی هاوکارییە سەربازییەکانی لەگەڵ ڕووسیا، هەروەها پێویستی وەڵامدانەوەی هاوبەش بۆ ئەم ئاڵنگارییانە دەربڕیوە."
سیئۆل و ژاپۆن و واشنتن دەڵێن: لە ئۆکتۆبەری 2024وە کۆریای باکوور نزیکەی 11 هەزار سەربازیی ڕەوانەی کورسکی ڕووسیا کردووە، بۆ ئەوەی یارمەتی مۆسکۆ بدات لە جەنگی دژ بە ئۆکرانیا.
ڕاشیانگەیاندووە، کە بەرانبەر هیچ ئیستفزازی و هەڕەشەیەک بۆ سەر خاکی وڵاتەکانیان بێدەنگ نابن.