ئەمەریکا بۆ جاری دووەم کۆچبەرانی هیندی دیپۆرت دەکاتەوە

فڕۆکەی سەربازیی ئەمەریکا کە کۆچبەرە نایاساییەکانی هیندستانی هەڵگرتبوو لە ئەمەریکاوە دیپۆرت کرابوونەوە، شەوی ڕابردوو لە شاری ئەمریتسار، لە هیندستان نیشتەوە.

ڕۆژنامەی "Deccan Herald"ـی بەریتانی بڵاوی کردەوە، پێشتر ڕاگەیەندرابوو کە فڕۆکەکە 119 کۆچبەری تێدایە، بەڵام بەپێی لیستی نوێکراوەی سەرنشینەکان، ژمارەی دیپۆرتکراوەکان  116 کەسن."

بەپێی سەرچاوەکان، قۆناغی نوێی دیپۆرتکراوەکان بریتین لە 65 کەس خەڵکی پەنجاب، 33 کەس لە هەریانا، 8 کەس لە گوجارات، 2 کەس لە ئۆتار پرادێش، 2 کەس لە گۆوا، 2 کەس لە ماهاراشترا، 2 کەس لە ڕاجستان، کەسێکیش لە هیماچال پرادێش و یەک کەسی دیکەش لە جامو و کشمیر. زۆربەی ئەو هیندییانەی کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەمەریکاوە دیپۆرت دەکرێنەوە تەمەنیان لە نێوان 18  بۆ 30 ساڵدایە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەی ئەو هاووڵاتییە هیندستانەی لە 5ـی شوباتەوە دەست پێ کرد، کە بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ناو وڵاتەکەیەوە، فڕۆکە ئاسمانییەکەی ئەمەریکا 104 کەسی گواستەوە بۆ ئەمریتسار، کە زۆربەیان دانیشتووی ویلایەتی گوجارات و پەنجاب بوون. بڕیارە لە 16ـی شوباتدا فڕۆکەی سێیەم کە 157 دیپۆرتکراوی تێدا بێت، دیپۆرتی هەمان شوێن بکرێنەوە.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، لەگەڵ نارێندرا مودی، سەرۆک وەزیرانی هیندستان باسی پرسی کۆچبەری نایاسایییان کردووە، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە هیندستان ئەوەی دروستە دەیکات، کاتێک باس لە گەڕانەوەی کۆچبەرانی نایاسایی دەکرێت.

لای خۆیەوە بلومبێرگ بڵاوی کردەوە، هیندستان و ئەمەریکا نزیکەی 18 هەزار کۆچبەری هیندییان دەستنیشان کردووە کە بەشێوەیەکی نایاسایی لە ئەمەریکان.

لە ماوەی خولی پێشووی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، جۆو بایدن، ئاستێکی پێوانەیی لە کۆچی نایاسایی بۆ ئەمەریکا لە سنووری باشووری وڵاتەکە تۆمار کراوە. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی پاسەوانانی سنووری ئەمەریکا، لە مانگی یەکی ساڵی 2021وە، زیاتر لە 8 ملیۆن کۆچبەر بەبێ بەڵگەنامە سنووری ئەمەریکایان بەزاندووە.