هاکان فیدان: پەکەکە و یەپەگە هاوشێوەی داعش بۆ سووریا مەترسین

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ڕایگەیاند، پەکەکە و یەپەگە هاوشێوەی ڕێکخراوی داعش بۆ سووریا و ناوچەکە هەڕەشەن و جێگەی مەترسین.
فیدان، لە پانێلێکدا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لەسەر پرسی بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوە چەکدارییەکان و دۆخی سووریا گوتی: چاوەڕوان دەکەین، ئیدارەی نوێی سووریا لە بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان شانبەشانی تورکیا بوەستێت، چونکە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەر سووریا و تەواوی ناوچەکە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی: تیرۆریستانی نێودەوڵەتی لە تورکیا و عێراق و ئێران ئێستا لە باکووری سوریا کۆبوونەتەوە و خۆیان حەشار داوە بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی ڕێخکراوی داعش.
هەروەها لە بارەی دۆخی ناوخۆی سووریا، فیدان گوتی: وڵاتانی ناوچەکە لەسەر پرسی سووریا هاوڕان، تورکیاش نایەوێت مەترسی و هەڕەشەکانی تیرۆر لە سووریا گەشە بکات و زەمینەیەکی لە باریان بۆ بڕەخسێت، لە هەمانکاتدا نامانەوێت پێکهاتەکانی دیکەش لە سووریا مامەڵەیەکی خراپیان لەگەڵدا بکرێت، چونکە تورکیا یەکپارچەیی و سەروەری سیاسیی سووریا بەلاوە گرنگە، مسۆگەر بکرێت.
هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە، کە یەکێک لە گرنگترین پرسەکان لە دەستەبەرکردنی سەقامگیریی لە سووریا، یەکخستنی گرووپە چەکدارەکانە لە بەرگی هێزێکی یەکگرتوو، ئیدارەی نوێ وڵاتەکەش هەنگاوی دروست لە یەکخستنی گرووپە چەکدارەکان دەنێت و دەمانەوێت ئیدارەیەکی گشتگیر لە دیمەشق ببینین.