برۆکسل..لە وێستگەیەکی میترۆدا کەسێک کوژرا

وێنەی وێستگەی میترۆی کلیمەنسۆ لە برۆکسل
وێنەی وێستگەی میترۆی کلیمەنسۆ لە برۆکسل

شەوی ڕابردوو، 15ـی شوباتی 2025 جارێکی تر شەڕەتەقە لە وێستگەی میترۆی کلیمەنسۆ لە گەڕەکی ئەندەرلیخت لە برۆکسل ڕووی دا و لە ئەنجامدا کەسێکی تەمەن 19 ساڵ کوژرا.

شەڕەتەقەکە، سەرباری بوونی ژمارەیەکی زۆر لە پۆلیس لە دەوروبەری وێستگەکە ڕووی داوە. ئەمەش چوارەمین جارە لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا شەڕەتەقە لەو وێستگەی میترۆیەدا ڕوو دەدات. 

ئەندەرلیخت، گەڕەکێکی گەورەی باشووری برۆکسلە و زۆرینەی دانیشتوانەکەی بیانین و زۆر لە گرووپە مافیاکانی تێدا چالاکن. 

بە گوێرەی ڕاپۆرتی پۆلیسی برۆکسل، ڕووداوەکە کاتژمێر 9:30 ی خولەکی شەو بە کاتی برۆکسل بووە و کەسێک کوژراوە. پۆلیس و دادگەی فیدراڵیی بەلجیکا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە ڕووداوەکە. لەبەر بەرژەوەندیی لێکۆڵینەوەکە، پۆلیسی فیدراڵیی زانیاریی زیاتری بە ڕۆژنامەنووسان نەدا.