بۆچی پێویستە ڕۆژانە پرتەقاڵ بخۆیت؟

پرتەقاڵ یەکێکە لە میوە بەربڵاوەکانی جیهان، بەهۆی سوودە جۆراوجۆرەکانی بۆ تەندروستی و هەرزانی و تامە خۆشەکەی.
ئەم میوەیە پڕە لە ڤیتامین و کانزا سەرەکییەکانی وەک ڤیتامین سی و ڕیشاڵ، میوەیەکی بەسوودە بۆ باشترکردنی تەندروستیی گشتی و سیستەمی بەرگریی لەش، هەر بۆیە پزیشکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە بخرێتە ناو خۆراکی ڕۆژانەوە.
بەهای خۆراکیی پرتەقاڵ
پرتەقاڵێکی قەبارە مامناوەند کە نزیکەی 140 گرامە، چەندین ماددەی خۆراکی بەسوودی تێدایە، وەک ڤیتامین سی و ڕیشاڵ و ترشی فلۆریک، ئەمەش وایکردووە خۆراکێکی نایاب بێت.
بەپێی ئامارەکانی خۆراکی ئەمەریکی دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا ' FDA'، پرتەقاڵێک نزیکەی 100%ـی ڤیتامین سیی ڕۆژانەی مرۆڤێک دابین دەکات.
بەرزکردنەوەی بەرگریی لەش و خۆپاراستن لە نەخۆشی
پرتەقاڵ، سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بە ڤیتامین C و ترشی فلۆریک، کە دوو توخمی سەرەکیین بۆ پشتگیریکردنی کارکردنی سیستەمی بەرگری.
ئەلیسا پاچیکۆ، پسپۆڕی خۆراک دەڵێت: ڤیتامین سی وەک دژە ئۆکسێنەرێکی بەهێز کاردەکات، یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری و کەمکردنەوەی فشاری ئۆکسجینی.
جگە لەوەش پرتەقاڵ ماددەی فلاڤۆنۆیدی وەکو هێسپریدین لەخۆدەگرێت کە بەشدارن لە بەهێزکردنی بەرگریی لەش و بەرەنگاربوونەوەی بەکتریا.
جوانکردنی پێست
ڤیتامین C ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دروستبوونی کۆلاجین، ئەو پرۆتینەی بەرپرسە لە مانەوەی پێست بە جوانی و تەندروستی.
هەروەها خواردنی پرتەقال یارمەتیدەرە بۆ خێرا چاکبوونەوەی برینەکان، ئەمەش بە تایبەتی گرنگە لە چارەکردنی برین و پەڵەدا.
ئەلیسا پاچیکۆ، بە ماڵپەڕی "ئیتینگ ویڵ"ـی گوتووە: خواردنی ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین سی یارمەتی خێراتر چاکبوونەوەی پێست دەدات.
باشترکردنی تەندروستی ڕیخۆڵە
پرتەقاڵ یارمەتی چالاکبوونی جوڵەی ڕیخۆڵە دەدات بەهۆی ڕێژەی ڕیشاڵەکانیانەوە، چونکە پرتەقاڵێکی قەبارە مامناوەند 3 گرام ڕیشاڵی تێدایە. هەروەها تەندروستی هەرسکردن باشتر دەکات، ئەمەش ئەگەری قەبزی کەم دەکاتەوە.
کەم کردنەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی
نەخۆشیەکانی دڵ بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن لە سەرانسەری جیهاندا دەناسرێت، بەڵام توێژینەوەیەک لەسەر سیستەمی خۆراک دەریدەخات کە خۆراکی تەندروست لەوانەیە یارمەتیدەر بێت بۆ خۆپاراستن لەو نەخۆشیانە.
پرتەقاڵ ڕیشاڵی تواوەی تێدایە کە ئاستی کۆلیسترۆڵی خوێن کەم دەکاتەوە، ئەوەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ڕێگریی لە تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ.
ئەوانەی نەخۆشی گەدەیان هەیە دەبێت لە خواردنی پرتەقاڵ ئاگاداربن
سەرباری سوودە تەندروستییە زۆرەکانی پرتەقاڵ، بەڵام هەندێک ڕێکاری خۆپارێزی هەیە کە پێویستە ڕەچاو بکرێت، بۆ نموونە ئەو کەسانەی تووشی کێشەی گەدە دەبن، وەک ترشەڵۆک، ڕەنگە دوای خواردنی پرتەقاڵ هەست بە زیادبوونی نیشانەکانی بکەن، ئەمەش بەهۆی ڕێژەیەکی زۆر ترشەکەیەوە.