فەرماندەی فیرقەی هەشتی سوپای عێراق و جووتیارانی کورد ڕێککەوتن

یەکشەممە 16ـی شوباتی 2025، هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، فەرماندەی فیرقەی هەشتی سوپای عێراق لەگەڵ جووتیارانی کورد کۆ بووەوە.

گوتیشی: فەرماندەی فیرقەی هەشتی سوپای عێراق لەگەڵ جووتیارانی کورد لەسەر ئەوە ڕێککەوتن، کێڵانی زەوییەکانیان ڕابگرن، تاکو سبەینێ لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک کۆدەبنەوە و چارەی یەکجاریی کێشەکە دەکەن.

 

ئەمڕۆ یەکشەممە، محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەفسەرێک هاتە لای من گوتی نابێت زەوییەکەت بکێڵیت. منیش گوتم جووتی دەکەم، لەبەر ئەوەی ئێمە پشت ئەستوورین بە بڕیارەکانی پەرلەمان، کە دادگا و سەرۆک کۆماریش پەسەندیان کردووە."

ئاماژەی بەوەش دا "ئەو عەرەبانەی ئێرە هەمووی بە پێی ماددەی 140ـن پارەیان وەرگرتووە، ئێمە هیچ کێشەیەکمان نەماوە، پێش شەش مانگ، ئێمە ڕێککەوتنمان کردووە، کە پارێزگاری کۆن و ئەندامانی پەرلەمان لە کۆبوونەوەکەمان ئامادە بوون، بڕیارمان دا شەش مانگ بوەستین تاوەکوو قەرەبوو وەردەگرنەوە، ئیستە قەرەبووەکەیان بۆ دەرچووە، ئێمەش مافی خۆمانە زەوییەکانمان بکێڵین، چونکە بەڕاستی ئێمە ستەممان لێ دەکرێت." 

نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان باسی لەوەش کرد "ئێمە سەر بە فیرقەی هەشتین، ئەوە سێ ساڵە ستەمێکی گەورەمان لێ دەکەن، چونکە 25 گوندمان سەر بە فیرقەی چواردەیە ئەوان هیچ دەستوەردان ناکەن."

گوتیشی: "ئەوانەی لێرە بوون ئاژاوەیان دروست دەکرد، پارێزگاری پێشوو پاڵپشتیانی دەکرد، ئێستەش پێم وایە هەر ئەو پشتگیرییان دەکات، چونکە بەشێکیان ماددەی 140یان وەرگرتووە، هەندێکیشیان ساختەیان کردووە، کە بەبەڵگە لەبەر دەستمە، بۆیە ئەگەر ئەمانە نەمینێن کیشە نامینێت."

دەشڵێت: ئەو زەوییانەی بڕیارە ئەمڕۆ بیان کێڵین، 120 هەزار دۆنمە.

دەشتی ئاغا، جووتیارێکی سنوورەکەیە، گوتی: لەو ناوچەیە ستەمێکی زۆر لە جووتیاری کورد دەکرێت، بەتایبەتی ئەو پێنج گوندە، ئێستەش ئێمە گردبووینەوە بۆ شکاندنی ئەو گەمارۆیە، چونکە هیچ بیانووێک نەماوە تاوەکوو سوپای عێراق ڕێگریی لە ئیشوکاری خەڵک بکات.