حەسەن دەغێم: کورد بەشێکی سەرەکیی دەبێت لە کۆنگرەی نیشتمانیی سووریا

گوتەبێژی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی نیشتمانیی سووریا ڕایگەیاند، کورد پێکهاتەیەکی ڕەسەن و گرنگن لە سووریا بەشێکی سەرەکی دەبێت لە کۆنگرەکە، هەروەها گوتی کۆنگرەکەمان کۆنگرەیەکی مەدەنی و نەتەوەییە، سەربازی و مەزهەبی نییە، بۆیە نوێنەرایەتی هەموو لایەک دەکات.

حەسەن دەغێم، گوتەبێژی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی نیشتمانیی سووریا لە چاوپێکەوتنێکدا لە شام لەگەڵ ئەنوەر عەبدولەتیف، پەیامنێری کوردستان24ی ڕاگەیاند. "کورد و تورکمان و عەرەب و موسڵمان و عەلەوی شیعە، دروزی، هەموو ئەو کەسانەی سووری بن و نیشتنیمانپەروەر بن، کە بتوانن بەرژەوەندیی سووریا بپارێزیت، لە کۆنگرەکە بەشدار دەبن."

حەسەن دەغێم گوتیشی: لە کۆنگرەکەدا پرسەکانی وەکوو ئاسایشی هاووڵاتییانی سووریا، داهاتووی سووریا، یەک ڕێزیی و یەکپارچەیی ئەو خاکە، سەرەوەری ئەو وڵاتە و خزمەتگوزاری هاووڵاتییان دانوستاندنی لە بارەیەوە دەکرێت.

گوتەبێژی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی نیشتمانیی سووریا لە بارەی بەشداریی کورد و ڕۆڵی کورد لە کۆنگرەکە گوتی: کورد وەکوو پێکهاتەیەکی ڕەسەن و گرنگ لە سووریا بەشێکی سەرەکی دەبێت لە کۆنگرەکە.

هەروەها ئامژەشی دا "هەموو کوردەکان لێرە یەک ناسنامەیان هەیە، هیچ جیاوازییەک لە نێوان کوردی ئێزدی و کوردی موسڵمان نییە، ئەوان ئەو وڵاتەیان خۆش دەوێت، لێرە کورد نوێنەرایەتیی عەرەب دەکات و عەرەبیش نوێنەرایەتیی دەکات.

ئەو گوتەبێژە ئەوەیشی خستە ڕوو "تاوەکوو ئێستا لەگەڵ پارتە سیاسییەکان و سەرکردە کوردەکان کۆ نەبووینەتەوە، بەڵکوو تەنیا لەگەڵ کەسە ئەکادیمی و ڕۆشنبیرەکان کۆ بوونەتەوە."

گوتیشی: کۆنگرەکەمان کۆنگرەیەکی مەدەنی و نەتەوەییە، سەربازی و مەزهەبی نییە، بۆیە نوێنەرایەتیی هەموو لایەک دەکات، تەنانەت ئەو شوێنانە لەژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریشدان.

حەسەن دەغێم باسی لەوەش کرد "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانیی لەو کۆنگرەکە و بەڕێوەبەرایەتیی نوێی سووریا و قۆناغی ڕا گوزەری سووریا دەکات، بەڵام لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەکە سەربەخۆیە و خەڵکی سووریا بەڕێوە دەبەن."

ئاماژەشی دا "پێویستە وڵاتانی ڕۆژئاوا، سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرن بۆ ئەوەی بتوانین خزمەت بە هاووڵاتییان خۆمان بکەن و ئاسایشی ناوخۆیی زامەن بکەین و سووریا بنیات بنێنەوە

لەبارەی لەسێدارەدانی ئەو کەسانە لەگەڵ ڕژێمی پێشوو دا هاوکار بوونە، گوتی: یەکێک لە ئامانجەکانمان لە کۆنگرە دادپەروەرییە، بۆیە دەبێت ئەو کەسانە بە حەقی خۆیان بگەن و دادپەروەری جێبەجێ بکرێت.