نێچیرڤان بارزانی: بە برایانی کوردی ڕۆژئاوای کوردستانمان گوتووە بەیەکەوە بچنە دیمەشق

نیچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ڕێکخست و تێیدا دووپاتی ئەوەی کردەوە، هەرێمی کوردستان دەبێتە فاکتەری سەقامگیری زیاتر بۆ سووریا و هەموو ئامادەییەکی هەیە بۆ ئەوەی ببنە فاکتەری داهاتووێکی بەختەروەرتر بۆ گەکی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، گوتیشی: بە برایانی کوردی ڕۆژئاوای کوردستانمان گوتووە، هەمووان بەیەکەوە، بە یەکگرتووی بچنە دیمەشق و خۆیان بکەن بە خاوەنی سووریای نوێ، نابێت چاوەڕێی بانگهێشتی ئیدارەی نوێی سووریا بکەن.
یەکشەممە 16ـی شوباتی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە میونشنی ئەڵمانیا ڕایگەیاند: لە تەواوی کۆبوونەوەکانی کردوویانە لە میونشن، گفتوگۆیان لەسەر پرسی سووریا کردووە.
نێچیرڤان بارزانی گوتی: ئەوەی ئەمڕۆ لە سووریا ڕوودەدات و دەگوزەرێت، جێی دڵخۆشی هەموو لایەکە بەوەی ڕژێمێکی سەرکەووتکار و ئەوانەی زوڵمیان لە میللەتەکەی خۆیان دەکرد، لەکارکەوتن، گوتیشی: ئەو دەسەڵاتەی ئێستا لە سووریا هاتووەتە سەر حوکم، ئەمێد دەکەین هەموو پێکهاتەکان و لایەنەکانی سووریا لە ئاییندەی نوێی سووریا بەشداریی پێبکات، ئەوەی بەلای هەرێمی کوردستانیشەوە گرنگە ئەوەیە، ئومێدی سەقامگیری بۆ سووریا دەکەین، گەلی سووریا گەلێکە شایەنی ژیانێکی باشترە.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، ساڵانی ڕابردوو گەلی سووریا کێشەی گەورەیان هەبوو، ئەزیەتی زۆریان کێشا، زۆرینەیان وڵاتیان بەجێهێشت و ماڵیان وێران بوو، هیوادارین ئیدارەی نوێی سووریا و خودی ئەحمەد شەرع ببنە بنەمای فاکتەری سەقامگیری سووریا و گەلی سووریا لە نەهامەتیەکان ڕزگار بکەن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکە گوتی: سووریا وڵاتێکە پێکهاتەی جیاوازی تێدایە، گرنگترین شت لە سووریا ئەوەیە هەموو لایەن و پێکهاتەکانی سووریا لە ئایندەی نوێی ئەو وڵاتە بەشدار بن.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ برایانی کوردیان لە سووریا باسیان لەوە کردووە کە پیویستە بە یەکگرتوویی بچنە دیمەشق، گوتی: ئەزموونی ئێمە لە هەرێمی کوردستان کە بەیەوەکەوە چووین بۆ بەغدا، ئەزموونێکی زۆر سەرکەوتوو بوو دوای ساڵی 2003، پێمان گوتوون: خۆتان بە خاوەنی سووریای نوێ بزانن، چاوەڕێی ئەوە مەکەن لە دیمەشقەوە بانگهێشت بکرێن، خۆتان بکەن بە خاوەنی سووریای نوێ، ئەو سووریا نوێیە سووریای ئێوەیە، دیمەشق پایتەختی ئێوەیە..
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: قسەی ئێمە بۆ برایانی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان ئەوەبووە، لە پرۆسەی سیاسی سووریای نوێدا بەشداربن، لەگەڵ ئەوەشدا هیوادارین ئیدارەی نوێی سووریا و خودی ئەحمەد شەرع، ئەو فرە ڕەنگیەی سووریا ببینێت و هەوڵبدات هەموو پێکهاتەکان لە ئایندەی نوێی سووریا بەشداریی پێبکات، گوتیشی: ئەوەی لەسەر ئێمەیە وەکو هەرێمی کوردستان، بتوانین لەو چوارچێوەیەدا ڕۆڵی خۆمان ببینین و بۆ ئەوەش ئامادەین.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، دووپاتمان لەوە کردەوە، ببینە فاکتەری سەقامگیری سووریا و یارمەتیان بدەین بۆ سەقامگیری زیاتر لەو وڵاتە.