دوو قوتابی کورد لە پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتیدا پلەی یەکەم و دووەمیان بەدەست هێنا

دوو قوتابی هەرێمی کوردستان، لە پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی 'بیرکاریی هزری'ـی، پلەی یەکەم و دووەمیان لەسەر ئاستی جیهان بەدەست هێنا.

یەکشەممە 16ـی شوباتی 2025، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بڵاوی کردەوە، بۆ یەکەمین جار منداڵانی کورد بە ئاڵای پیرۆزی کوردستانەوە بەشداریی گەورەترین پێشبڕکێی نێودەوڵەتییان کرد لە ڕێکەوتی 15ـی شوبات لە شاری بەغدا، کە زیاتر لە 450 مناڵ لە زیاتر لە 12 وڵاتی جیهانەوە کە ئەوانیش وڵاتانی (ڕووسیا، تورکیا ، ئێران، ئۆکرانیا، ئەڵمانیا، کازاخستان، ئۆزبەکستان، فەرەنسا، توونس، سعوودییە  یەمەن، میسر، چیک و عێراق) تێیدا بەشدار بوون.

پارێزگاری سلێمانی، ئاماژەی بەوە دا، هەر یەکە لە قوتابییان لاوی هەرێز یەکەمی سەر ئاستی سلێمانی و لە پەیمانگەی سلێمانی ڕاهێنانی پێ کرابوو، هەروەها عەبدوڵڵا پێشەوا، یەکەمی سەر ئاستی هەولێر، لە قوتابخانەی کوردستانی ئاییندە ڕاهێنانی پێ کرابوو، تونییان نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان بکەن و بەشداربن لە پێشبڕکێکەدا.

باسی لەوەش کرد، لاوی هەرێز لە شاری سلێمانیەوە پلەی یەکەم و عەبدوڵڵا پێشەوا لە شاری هەولێرەوە پلەی دووەمی پاڵەوانێتییەکەیان لەسەر ئاستی جییهان بەدەست هێنا.