فەرامەرز ئەسەدی: ئێران ڕۆڵی ئەرێنی لە چارەکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا دەگێڕێت

وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت: لەسەر بنەمای ئەو ڕێكکەوتنەی کە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ کراوە، بەشێکی زۆری کێشەکانی بەردەم مووچە بۆ ساڵی 2025 چارە کراون و ئەوەش هەنگاوێکی گرنگە.
ڕۆژی یەکشەممە 16ـی شوباتی 2025، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە فەرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی گشتیی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر کرد.
وەزارەتی دارایی بڵاوی کردەوە، لە دیدارەکدا وەزیری دارایی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە فەرامەرز ئەسەدی کرد و هیوای سەرکەوتنی لەئەرکە نوێکەیدا بۆ خواست و جەختی لەسەر گرنگی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران کردەوە.
لای خۆیەوە کونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر، خۆشحاڵی خۆی بە ڕێکكەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر مووچە دەربڕی و ڕایگەیاند؛ وڵاتەکەی ڕۆڵی ئەرێنی دەبینێت بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ.
تایبەت بە ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ، ئاوات شێخ جەناب، گوتی: لەسەر بنەمای ئەو ڕێكکەوتنەی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ کراوە بەشێکی زۆری کێشەکانی بەردەم مووچە بۆ ساڵی 2025 چارە کراون و ئەوەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت کار لەسەر سەرپێخستنەوەی پرۆژەکان بکات و شایستەی داراییان بۆ دابین بکات.