وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا: چاودێریی دۆخی سووریا ده‌كه‌ین

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بە سەردانێکی فەرمی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە فڕۆکەخانەی تەل ئەڤیڤ دابەزی. هەروەها مارکۆ ڕوبیۆ، لەگەڵ سەرۆک و سەرۆک وەزیران و کاربەدەستانی باڵای ئیسرائیل کۆبووەوە و، چەندین پرسی تایبەت بە ئاسایشی ئیسرائیل و هەڕەشەکانی ناوچەکە و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو لا گفتوگۆیان لەبارەوە کرا. 

یەکشەممە 16ـی شوباتی 2025، ماركۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، یەکەمین سەردانی فەرمی خۆی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئیسرائیل دەست پێکرد.

لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک و کاربەدەستانی باڵای ئیسرائیل، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا چەندین پرسی تایبەت بە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە باسکرد. هەروەها پشتیوانیی ئەمەریکای بۆ گەل و دەوڵەتی ئیسرائیل دووپات کردەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند: ئێران گەورەترین سەرچاوەی ناسەقامگیرییە لە ناوچەکە، لەپشت هەموو گرووپە شەڕکەرەکانەوەیە.

باسی لەوە کرد، ئێران لەپەشت هەموو ئەو کردەوە و چالاکییە تێکدەرانەوەیە، کە هەڕەشەن بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە. هەروەها "کاتێک باسی حەماس، حزبوڵڵا، میلیشیاکانی عێراق و ناسەقامگیری لە سووریا دەکەین هەموویان سەرچاوەکەیان ئێرانە و دەبێت چارە بکرێت."

لای خۆیەوە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گوتی: دۆناڵد ترەمپ مەزنترین دۆستی ئیسرائیلە، هەروەها ستراتیجییەکی هاوبەشیان بۆ غەززە هەیە.

ئاماژەی بەوە کرد، "ناتوانین هەمیشە وردەکارییەکانی ستراتیجییەکەمان بۆ ڕای گشتی باس بکەین، لەوانەش کەی دەروازەکانی دۆزەخ دەکرێنەوە، وەک چۆن بە دڵنیاییەوە دەرگاكان دەكرێنەوە، ئەگەر هەموو بارمتەکانمان ئازاد نەکرێن."

لە کۆبوونەوەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ ئیسرائیلییەکان. تیشک خرایە سەر ئەو هەڕەشانەی لە سووریا، لوبنا و میلیشیاکانی عێراق دەکرێتە سەر ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات.