شاخەوان عەبدوڵلا: عێراق ناتوانێت خۆی لە بڕیار و سزاکانی ئەمەریکا بدزێتەوە
شاخەوان عەبدوڵلا: ئەمەریکا ڕژدە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی گرووپە میلیشیاکان

شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، هەر سزایەکی دارایی لەلایەن ئەمەریکاوە دەربچێت، حکوومەتی عێراق دەبێت ڕاستەوخۆ پابەندی بێت و جێبەجێی بکات، گوتیشی: ئەمەریکا ڕژدە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی گرووپە میلیشیاکانی عێراق، هەر بۆیە ئەگەر هەیە پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتن ئاڵۆزتر بێت.
شاخەوان عەبدوڵلا لە واشنتن، بۆ پەیامنێری کوردستان24، باسی لە کاریگەریی بڕیار و هەژموونی ئەمەریکا لەسەر حکوومەتی عێراق کرد و گوتی: هەر سزایەکی دارایی ئەمەریکا دەری بکات، لە عێراق %100 جێبەجێ دەکرێت، چونکە ڕوون و ئاشکرایە هێشتا عێراق مامەمڵە بە دۆلاری ئەمەریکییەوە دەکات و ئەو نەوتەشی دەیفرۆشێت پارەکەی لە ئەمەریکاوە دەگەڕێتەوە بۆ عێراق، هەربۆیە حکوومەتی عێراق ناتوانێت هیچ بڕیارێکی دارایی ئەمەریکا جێبەجێ نەکات.
گوتیشی: بڕیارە داراییەکانی ئەمەریکا بەشێوەیەک کاریگەرن، یەكێک لە پەرلەمانتارەکانی عێراق لە لیستی سزادراوانی ئەمەریکادا بوو، پەرلەمان نەیتوانیوە مووچەکەی خەرج بکات، ئەمەش مانای ئەوەی هەر سزایەکی ئەمەریکا، عێراق دەبێت ڕاستەوخۆ جێبەجێ بکرێت.
سەبارەت بە چارەنووسی گرووپە میلیشیاکان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی: سەرکردەی گرووپە میلیشیاکان لە کۆبوونەوە سیاسییەکاندا بە ڕاشکاوانە، نیگەرانی و ڕەشبینی خۆیان بە گەڕانەوەی ترەمپ بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دەردەبڕن، هەربۆیە دڵنیاین لەوەی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ عێراق ئاڵۆزتر دەبن.
گوتیشی: داوای هەڵوەشاندنەوە یان تێکەڵکردنی گرووپە میلیشیاکان بۆ سەر وەزارەتی بەرگری، یان وەزارەتی ناوخۆ هەیە، بەڵام لایەنێکی زۆری شیعەکان ئەمە ڕەت دەکەنەوە. بەشێکیان لەبەر بەرژەوەندیی کەسییە، چونکە ئەگەر چەکدارەکان بخرێنە سەر هێزە ئەمنییەکان، ئەو کاتە ژمارەی ڕاستەقینەی چەکدارەکان دەردەکەوێت، نەک ئەو ژمارەیەی ناویان لە لیستی مووچەدا هەیە؛ بەڵام لایەنی ئەمەریکا زۆر توندە و بە ڕژدییەوە کار لەسەر نەهێشتنیان دەکات.