شاندی ئەمەریکی و ڕووسی لە ڕیاز، ئامادەکاریی بۆ کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان ترەمپ و پوتین دەکەن

شاندی ئەمەریکا و ڕووسیا دەچنە سعوودیە بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان دۆباڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتین بکەن، بەگوتەی ترەمپ ئەگەری هەیە زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیاش لەو دانووستانە بەشدار بێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی شوباتی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و مایک والتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا، گەیشتنە ڕیاز. هەر ئەمڕۆ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگاتە سعوودیە، بڕیاریشە بەرپرسانی ئەمەریکا لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە کۆ ببنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دەگاتە ڕیاز.
میدیاکانی ئەمەریکا بڵاویان کردەوە "بەرپرسانی ئەمەریکا و ڕووسیا لە سعوودیە کۆ دەبنەوە بۆ ئامادەکاری لەسەر کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆتایی ئەم مانگەدا، بەڵام وادەی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە."
بەگوتەی دۆناڵد ترەمپ، ئەو دانووستانە ڕەنگە ڤلۆدیمێر زێلێنسکیش لەخۆ بگرێت، چونکە هەردوو لایەنی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەیانەوێت بەخێرایی کۆتایی بە شەڕ بهێنن.
سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی: زۆر کار بۆ وەستانی شەڕی ئۆکرانیا دەکات، هەروەها زێلینسکیش ڕۆڵی لە کۆبوونەوەی لووتکەی سعوودیە دەبێت.
ئاماژەی بەوەش دا، ئێمە بەرەو پێشەوە دەڕۆین، هەوڵ ئاشتی لەنێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دەدەین، زۆریش کار لەسەر ئەوە دەکەین، شەڕێکە هەرگیز نەدەبوو دەست پێ بکات.
لەم چواچێوەیەدا کرێملن جەختی لەوە کردووەتەوە کە بانگەوازی پوتین و ترامپ ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ڕووسیا و ئەمەریکا لە ڕێگەی گفتوگۆوە کێشەکان چارە دەکەن.