بەرپرسێکی ئەمنیی ئیسرائیل: ناتانیاهۆ هەوڵی پەکخستنی قۆناغی دووەمی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان دەدات

بەرپرسێکی ئاگاداری ئەمنیی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەوڵی پەکخستنی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیل و بارمتەکان لەگەڵ حەماس، دەدات.
ئەو بەرپرسە بە ماڵپەڕی ئیسرائیلی "ینێت"ـی ڕاگەیاندووە، ئامانجی سیاسی لەسەر حیسابی ژیانی بارمتەکان هەیە، کە ناتانیاهۆ، دەیەوێت بە دەستی بهێنێت."
ئەو بەرپرسە توڕەیی خۆی دەربڕی لە بەیاننامەیەک کە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن گوتەبێژی ناتانیاهۆ بڵاو کرایەوە و تێیدا پشتڕاستی کردەوە ئیسرائیل ئێستا دانوستان لەسەر قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان ناکات.
ئەو بەرپرسە ئەمنییە ئیسرائیلییە جەختی لەوە کردەوە ئەمە نوێنەرایەتیی پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان دەکات، کە مەرجی ئەوە داناوە لایەنەکان دانوستان لەسەر قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە درەنگتر دەست پێ بکەن.
هۆشداریشی دا "تەنانەت ئەگەر ئیسرائیل ڕێبازی خۆی بگۆڕێت و دەستبەجێ بچێتە دانوستاندنێکی چڕوپڕ لەسەر قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە، ئەوا کاتی پێویست بۆ کۆتاییهێنان بەو دانوستانانە نامێنێت تا کۆتایی قۆناغی یەکەم لە 2ی ئاداردا." باسی لەوەش کرد، مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە، ڕێگە بە بەردەوامبوونی قۆناغی یەکەم دەدەن تا کاتێکی نادیار، تاکوو لایەنەکان بە نییەتێکی باشەوە لەسەر مێزی دانوستانەکان بمێننەوە."
ئاماژەی بەوەش کردووە، ناتانیاهۆ و شوێنکەوتووانی ئێستا گیریان خواردووە.