ئیسرائیل بەرپرسێکی باڵای حەماسی کوشت

کەناڵی 12 ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان ئۆتۆمبیلێکی لە شاری سەیدا، لە باشووری لوبنان کردۆتە ئامانج، کە بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی حەماسی تێدا بووە، بەبێ ئەوەی بە فەرمی ناسنامەکەی ئاشکرا بکات. 

لە بەرامبەردا، کەناڵی حەدەس ئاشکرایان کردووە، ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە محەممەد شاهین، بەرپرسی سەربازیی بزووتنەوەکە بووە، ئەمەش کۆمەڵێک دەنگۆی بەدوای خۆیدا هێناوە.

هەر لەو چوارچێوەیەشدا یەکەی پەخشی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەپڕ دانیشتنی دادگاییکردنی خۆی بەجێ هێشتووە، کە لەسەر پاشخانی دۆسیەی گەندەڵی بەڕێوە دەچێت، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی تاکە کەسی ئۆپەراسیۆنی تیرۆرکردن لە لوبنان پەسەند بکات، کە ئاماژەیە بۆ گرنگیی ئامانجەکە بۆ سەرکردایەتیی ئیسرائیل، هەروەها بڕیارەکە لە بەرزترین ئاستی سیاسی و سەربازیدا دراوە.