لیژنەی دارایی و وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەسەر مووچەی مانگی 12ـی فەرمانبەران کۆ دەبنەوە

سبەینێ سێشەممە، لیژنەی دارایی پەرلەمان و وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر مووچەی مانگی 12ـی فەرمانبەران کۆ دەبنەوە. 

ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، وەزیری دارایی، پیشتر گوتبووی 11 تریلیۆن و نیومان بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ناردووە، بەڵام داتاکانی بانکی ناوەندی ئاماژە بە ناردنی 10 تریلیۆن و 26 ملیار دینار دەکات، بۆ ئەوەی  ڕاستی ئەو داتایانە ئاشکرا بێت، سبەینێ بانگهشتی وەزارەتی دارایی دەکەین.

ئیخلاس دلێمی، باسی لەوەش کرد، ئێمە دەزانین لە ساڵی ڕابردوو، تەنیا 10 تریلیۆن و 26 ملیار دینار نێردراوە، هەروەها 710 ملیاری دیکە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق ماوەتەوە، کە ئەویش سەرپێچی کردووە، بۆ سندووقی خانەنشینانی نەناردووە و بۆ گەنجینەی دەوڵەتی گەڕاندووەتەوە.

ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: مافی وەزارەتی دارایی یان حکوومەت یان هیچ لایەنێک نییە کە ئەو پارەیە ببڕێت، لەسەریان پێویستە ئەو پارەیە بنێرن، ئاماژەی بەوەش دا، حکومەتی هەرێم و فیدراڵ ڕێککەوتوون لەسەر مووچەی هەموو مانگەکانی ئەمساڵ، واتە مووچە پارێزراوە.

ڕاشیگەیاند "ئێمە وەکو پەرلەمانتار و لایەنی پەیوەندیدار لەسەر هێڵین و بەردەوام دەبین لەسەر ناردنی مووچە، هەروەها ئەوانەی خۆپیشادانیان کرد لە هەرێمی کوردستان نوێنەریان لە بەغدا هەیە، دەبێت لەڕێگەی ئەو نوێنەرانە داوای مووچەکەیان بکەن، چونکە ئەو پارەیەی بڕدراوە، لە گەنجینەی حکوومەتی فیدراڵە، نەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

ڕاشیگەیاند، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی سوورە لەسەر ئەوەی ئەو پارەیە بنێردرێت، منیش پێموایە محەممەد شیاع سوودانی ئامادەیە بۆ ناردنی ئەو بڕە پارەیە.