ئومێد خۆشناو: پێش جەژنی ڕەمەزان کارەکانی نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری تەواو دەکرێت

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت: پێشی جەژنی ڕەمەزان، کارەکانی نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری هەولێر تەواو دەکرێت.
دووشەممە 17ـی شوباتی 2025، ئومید خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردەوە، پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری هەولێ، کارەکانی خێراتر کراوە بۆ ئەوەی بەزووترین کات کاسبکارانی بازاڕەکە بەر لە جەژنی ڕەمەزان دەست بە كارەكانی خۆیان بكەنەوە.
پارێزگاری هەولێر دەڵێت: ئێستا کارهكانی نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر بەردەوامن و بەشێک لە دوکاندار و خاوەنکارەکانیش گەڕاونەتەوە سەر ئیشوکارەکانیان، هەوڵ دەدرێت بەر لە جەژنی ڕەمەزان زۆرترین کاسبکاری دیکەی بازاڕەکە بگەڕێنەوە سەر شوێنی کارکردنی ڕۆژانەی خۆیان.
شەوی (5ـی ئایاری 2024) ئاگرێك لە بەشێکی بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە و دوای چەند کاتژمێرێک لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێرەوە کۆنترۆڵ کرا.
دوای ڕووداوەکەش پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا لە بارەی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری ئاشکرای کرد، بە گوێرەی دوایین ئامار لە کۆی زیاتر لە چوار هەزار دوکان، 227 دوکان و حەوت کۆگای بچووکی بازاڕی قەیسەری بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە سووتاون و زیانیان پێ گەیشتووە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردبوو، ئاگرەکە جگە لە زیانی ماددی، هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە، بەڵام بەداخەوە بە هۆى قەرەباڵغی هاوڵاتییان لە شوێنى ڕووداوەکە، 132 کەس لە ئەفسەر و کارمەندانی بەرگریی شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، کاسبکار و هاووڵاتی، بریندار بوون و بەشێکیشیان بە هۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستیان تێک چووبوو، بەڵام هەرزوو لە لایەن تیمەکانی تەندروستی لە شوێنی ڕووداوەکە 117 كەسيان چارەکران و 15 كەسى دیکەش گواسترانەوە نەخۆشخانەى فریاکەوتن و چارەی پێویستیان بۆ کرا.