سەرۆک بارزانی: دیمەنی ئازاردانی جووتیارانی کورد ئەنفال و کیمیابارانمان بەبیر دەهێنێتەوە

سەرۆک بارزانی لە بەرانبەر هەڕەشەکانی سوپای عێراق دەرهەق بە جووتیارانی کوردی گوندەکانی سنووری سەرگەڕان، ڕایگەیاند: ڕەفتارێكی شۆڤینیانە و بێویژدانانە لە دژی جووتیارە بێتاوانەكانی كورد لە پارێزگای كەركووك دەكرێت كە تەنیا تاوانیان ئەوەیە كوردن و خاوەنی ڕەسەنی زەوییەكانیانن.
دووشەممە 17ـی شوباتی 2025، سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، دیمەنی ئازاردانی جووتیارانی كورد و ڕەفتاری نابەجێی ڕێگریكردن لە جووتیارانی كورد كە بچنەوە سەر زەوییەكانیان، دیمەنی ئەنفال و كیمیاباران و جینۆسایدی ڕۆڵەكانی گەلەكەمان لە سەددەی پێشوو بەبیر دەهێنێتەوە.
سەرۆک بارزانی باسی لەوە کرد، ڕەفتارێكی شۆڤینیانە و بێویژدانانە لە دژی جووتیارە بێتاوانەكانی كورد لە پارێزگای كەركووك دەكرێت، كە تەنیا تاوانیان ئەوەیە كوردن و خاوەنی ڕەسەنی زەوییەكانیانن.
هاوکات سەرۆک بارزانی، داوایەک ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات و دەڵێت: "ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو زوڵمە بكرێت و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە دەستگیر بكرێن و سزا یاسایی خۆیان وەربگرن."
سەرۆک بارزانی، گوتیشی: دەستخۆشی لەو كوردە قارەمانانە دەكەم كە لە بەرانبەر ئەو ستەم و دەستدرێژییانە خۆڕاگر بوونە و با باش بزانن كە ئەوان تەنیا و بێ پشت و پەنا نین و بە هەموو هێزێك پشتیوانی لە خۆڕاگری و ماف و داواكانیان دەكەین.
سەرەڕای پەسەندکردنی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعس بۆ دەست بەسەرداگرتنی زەوییە کشتووکاڵییەکانی جووتیارانی کورد، بەڵام ئەمڕۆ دووشەممە 17ـی شوباتی 2025، سوپای عێراق لە گوندی شەناغەی سنووری سەرگەڕان، هەوڵیاندا ڕێگریی لە کێڵانی زەویی جووتیارانی کورد بکەن، بەڵام جووتیاران ڕووبەڕوویان بوونەوە و گوێیان بە هەڕەشەکانی سوپا نەدا.