فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر لە فڕۆکەخانەی تۆرۆنتۆی کەنەدا کەوتە خوارەوە

فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری سەر بە کۆمپانیای دەلتا، بە 80 سەرنشینەوە لە کاتی نیشتنەوەیدا لە فڕۆکەخانەی تۆرۆنتۆی کەنەدا کەوتە خوارەوە بەهۆیەوە 17 کەس لە سەرنشینەکانی بریندار بوون.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەخانەکە، فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی مینیاپۆلسی ویلایەتی مینیسۆتای ئەمەریکا بەرەو شاری تۆرۆنتۆی کەنەدا گەشتی کردووە، کە 76 گەشتیار و تیمێکی چوار کەسیی فڕۆکەوانیی تێدا بووە، دوای ڕووداوەکەش، بۆ چەند کاتژمێری بڕیاری ڕاگرتنی سەرجەم گەشتەکانی فڕۆکەخانەکەی دا.
هەروەها فریاگوزاری تەندروستی کەنەدا بڵاوی کردووەتەوە، 17 کەس بەهۆی ڕووداوەکە بریندار بوون و برینی سێ لە سەرنشینەکان قورسە، کە بریتین لە منداڵێک و پیاوێکی شەست ساڵ و ئافرەتێکی تەمەن چل ساڵ.