لە تورکیا زیاتر لە 300 کەس بەتۆمەتی پەیوەندیی بە پەکەکەوە دەستگیر کران

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا بڵاوی کردەوە، لە میانی هەڵمەتێکدا کە ماوەی پێنج ڕۆژە لە 51 پارێزگا دەستی پێ کردووە، لە ئەنجامدا 282 گومانلێکراوی سەر بە پەکەکە و کەجەکە دەستگیر کراون.

سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025، عەلی یەرلیکایا لە ڕاگەیەندراوێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتییدا بڵاوی کردەوە، "بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاسایشی پارێزگا و سەرۆکایەتییەکانی داواکاری گشتیی و سەرۆکایەتیی فەرمانگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش و هەواڵگریی، هەڵمەتێکی بۆ سەر ئەو گومانلێکراوانە کرد، کە پشتیوانیی داراییان بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە دابین کردووە، بڵاوکراوە قەدەغەکراوەکانیان بۆ پشتیوانیی لە ڕێکخراوەکە دەستەبەر کردووە و بەشدارییان لە ڕووداوە توندوتیژییەکانی شەقام کردووە."

ئاماژەی بەوەش داوە، لەو هەڵمەتەدا، 282 گومانلێکراو دەستگیرکران، هەروەها دەست بەسەر دوو چەکی AK 4، هەشت چەکی ڕاویی بێمۆڵەت، هەشت دەمانچە و ژمارەیەکی ئامێری دیجیتاڵیدا گیرا.

هاوکات لە هەڵمەتێکی دیکەدا کە لە 9 پارێزگای دیکەی تورکیادا کرا، 52 کەس بەتۆمەتی تێوەگڵان لە ڕێکخراوی پەکەکە و کەجەکە دەستگیر کران.

زانراوە سەرۆکی لقی ئیستانبوڵی پارتی ئەمەک لە نێو دەستگیرکراواندایە، هەر لەمیانی هەڵمەتەکەدا دەست بەسەر ژمارەیەکی زۆر کەرەستەی دیجیتاڵیدا گیراوە.