تورکیا: ئامادەین بەشداریی لە دامەزراندنی سیستەمی دارایی سووریادا بکەین

نووسینگەی دارایی لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ڕایگەیاندووە، حکوومەتی سووریا بۆ دامەزراندنی سیستەمی بانکی و دیجیتاڵی، دەتوانێت سوود لە ئێمە وەربگرێت.

سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025، گۆکسەل ئاشان، سەرۆکی نووسینگەی دارایی لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ڕایگەیاند "حکوومەتی سووریا بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی تایبەت بە خزمەتگوزارییەکانی بانکی و دیجیتاڵی، دەتوانێت سوود لە ئەزموومەنی تورکیا وەربگرێت."

گۆکسەل ئاشان، گوتیشی: وڵاتەکەی ئامادەیە، بەشداریی لەو سیستەمە دارییەدا بکات، کە حکوومەتی ئێستای سووریا ھەوڵ دەدات دایبمەزرێنێت.

ئاماژەی بەوەش دا "حکوومەتی سووریا لە ڕێگای پشتبەستن بە سیستەمێکی دارایی ھاوشێوەی سیستەمی دارایی تورکیا، دەتوانێت لە ماوەی سێ بۆ پێنج ساڵ، خزمەتگوزارییەکان لە بواری بانکی و دیجیتاڵییەکاندا پێشکەش بکات، لە کاتێکدا ئەو کارە بە ئامرازە کۆنەکان، 20 ساڵ دەخایەنێت."

جەختیشی کردەوە "تورکیا بەپێی ڕێنماییەکانی سەرۆک کۆمار، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ئامادەییە بەشداریی لەو سیستەمە دارییەدا بکات، کە حکوومەتی ئێستای سووریا ھەوڵی بۆ دەدات."