لە فڕۆکەخانەیەکی نیوزلەندا دەست بەسەر 101 کیلۆ کۆکایندا گیرا

سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025، دەستەی گومرگی نیوزلەندا ڕایگەیاند، دەستیان بەسەر نزیکەی 101 کیلۆ گرام کۆکاین داگرتووە، کە ئەمەش گەورەترین ئۆپەراسیۆنی دەستبەسەرداگرتنی ماددەی هۆشبەرە لەفڕۆکەخانەیەکی ئەو وڵاتە.
دەستەی گومرگی نیوزلەندا لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی پێدا، لە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، ئەفسەرەکان توانیان ژمارەیەک جانتا دەستنیشان بکەن کە لە گەشتێکی هێڵی ئاسمانی 'هاوایان ئێرلاینز' گەیشتنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئۆکلاند.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "دوای پشکنین، ئەفسەرەکانی گومرگ دەستیان بەسەر 85 پارچەی پێچراوەدا گرت، کە لە پشکنینە سەرەتاییەکان دەرکەوت کۆکاینی تێدابووە.
دەستەی گومرگ بەهایئەو ماددە هۆشبەرانەی خستەڕوو کە بە نزیکەی 35.4 ملیۆن دۆلاری نیوزلەندی دەکاتە 20.2 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی مەزەندە دەکرێت.
دانا ماکدۆناڵد بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنە سنوورییەکان، ستایشی وریایی و کارامەیی ئەفسەرەکانی کرد لە ئاشکراکردنی ئەم پرۆسەیە مەترسیدارە.
ماکدۆناڵد دەڵێت: "ئێمە زۆر کاردەکەین بۆ ڕێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی ماددەهۆشبەرەکان و پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانیان بۆ شێواندنی کۆمەڵگای نیوزلەندا."
جەختیشی لەوە کردەوە کە "نیگەرانن لە زیادبوونی ماددە هۆشبەرەکان لە فڕۆکەخانەی ئۆکلاند."
گوتیشی: تەنها لە ماوەی دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ئەفسەرەکانی گومرگ توانیویانە لە فڕۆکەخانەی ئۆکلاند دەست بەسەر زیاتر لە 183 کیلۆ ماددەی هۆشبەردا بگرن."