دادگای باڵای فیدراڵی سکاڵاکەی سەرۆک کۆماری عێراقی ڕەتکردەوە

سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025، دادگای باڵای فیدراڵی، ئەو داوایەی ڕەتکردەوە کە لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق لەسەر محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی تۆماری کردبوو، تیایدا داوای کردبوو حکومەت پابەند بێت بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

لە بڕیارەکەی دادگادا هاتووە، "بڕیاری جێبەجێکردنی پڕۆسەی تۆمارکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەپێی ڕێنماییەکانە کە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە دەرچووە، بەمەرجێک ئەمە بە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی دارایی فیدراڵی و وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمە، هەروەها ڕێگە بە فەرمانبەران دەدرێت بەئازادی ئەو بانکەی کە پێیان باشە هەڵیبژێرن".

دادگای باڵا ئاماژەی بەوەش داوە، "بڕیارمان دا بە ڕەتکردنەوەی سکاڵای داواکار سەرۆک کۆمار،  بەتایبەت ئەو داواکارییانەی لە سکاڵاکان داهاتووە لە پسپۆڕی ئەواندا نییە.

یەکشەممە 9ـی شوباتی 2025، هاوڕێ تۆفیق، بەرپرسی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: لە 20ـی مانگی ڕابردوو لەپێناو زامنکردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەتیف رەشید، سەرۆک کۆمار، سکاڵای یاسایی لەسەر سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی عێراق لە دادگای فیدڕاڵی تۆمار کردووە.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ڕاشیگەیاند، داوا دەکەن بابەتە تەکنیکییەکان نەبنە بەربەست لە ناردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

هاوکات ئاماژەی بەوە دا، داوا لە دادگای فیدراڵی کراوە فەرمانێکی وەلائی دەربکات بۆ خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەردەوام بەبێ وەستان.