حەماس: ئامادەی ڕادەستکردنی تەرمی 4 بارمتەی ئیسرائیلین

سەرۆکی شاندی دانوستانکاری حەماس ڕایگەیاند: بزووتنەوەکە ئامادەیی خۆی نیشانداوە، کە ڕۆژی پێنجشەممە تەرمی 4 بارمتەی ئیسرائیلی ڕادەست بکات.
سێشەممە 18ـی شوباتی 2025، خەلیل حەییە، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری حەماس، گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا، بڕیاریان داوە ڕۆژی پێنجشەممە، تەرمی چوار بارمتەی ئیسرائیلی ڕادەست بکەن. گوتیشی: لە بەرانبەردا دەبێت ئیسرائیلیش ڕۆژی شەممە ژمارەیەک زیندانی فەڵەستینی ئازاد بکات.
جەختی لەوەش کردەوە، حەماس لەگەڵ نێوەندگیرەکان؛ قەتەر و میسر، کار دەکات بۆ ئەوەی ئیسرائیل پابەند بکات بەو خاڵانەی کە لە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستدا هەبوو.
خەلیل حەییە، ئاماژەی بەوەش کرد، بزووتنەوەکە، لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە، ئامادەیە ڕۆژی شەممەی داهاتوو شەش بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد بکات.
گوتیشی: دەبێت ئیسرائیل پابەند بێت بە ڕێککەوتنەکە و ژمارەیەک زیندانیی فەڵەستینی ئازاد بکات.
لای خۆیەوە ئیسرائیل ڕایگەیاند: کە حەماس ئامادەی ڕادەستکردنی تەرمی چوار بارمتەی ئیسرائیلییە لە ڕۆژی پێنجشەممە و، هەروەها ئازادکردنی شەش بارمتەش لە ڕۆژی شەممە.