عێراق.. نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دادەخرێن و خاوەنەکانیشیان ناڕازین

گردبوونەوەی خاوەن پێشانگا و نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە عێراق
گردبوونەوەی خاوەن پێشانگا و نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە عێراق

بە گوێرەی بڕیارێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی عێراق، ئەو نووسینگانەی کاری ڕێکخستنی گرێبەستەکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەکەن، دادەخرێن و کارەکەیان ڕادەستی پارێزەران دەکرێت. 

لە کاردانەوەی بڕیارەکەدا، بەیانیی چوارشەممە، 19-02-2025، بەشێک لە خاوەن پێشانگا و نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە عێراق؛ لە گۆڕەپانی 'تەحریر'ـی بەغدا گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

خاوەنی نووسینگەیەک بە دیلان بەرزان، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئیشی ئێمە ڕێکخستنی گرێبەستەکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلە و مانگانەش باج بە چەندان دامودەزگای جیاوازی حکوومەتی عێراق دەدەین. واتا حکوومەتیش لێمان سوودمەند دەبێت. تووشی شووک بووین، کاتێک گوتیان، نووسینگەکانتان دادەخەین و کارەکەتان بە پارێزەران دەددەین."

خاوەنی ئەو نووسینگەیە پەیامێکی ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد: "پارێزەران چ پەیوەندییەکیان بە ئیشی ئێمەوە هەیە، بۆچی ڕزق و کەسابەتمان دەدەنە ئەوان؟ ئەوان کاری تایبەتی خۆیان دەکەن، ئێمە دەستوەردانمان لە کارەکانیان نەکردووە و سەرچاوەی بژێوی ژیانیانمان نەبڕیوە؟"

باسی لەوەش کرد "باشە جەنابی سەرۆک وەزیران، ئەگەر پارێزەران کاری ئێمەیان کرد، ئێمە چی بکەین؟ چۆن بژێوی ژیانی خۆمان دابین بکەین؟ ئایە دەزانی بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی عێراق، بژێوی ژیانی دەیان هەزار خێزان دەبڕێت؟"

دیلان بەرزان، پەیامنێری کوردستان24 ئەوەی خستە ڕوو، بڕیارەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی عێراق، پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، چونکە لە هەرێم، بۆ کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە پێشانگاکان، پشت بە گرێبەستی ئەلیکترۆنی دەبەسترێت.