حکوومەتی هەرێم پلانی ڕاکێشانی گەشتیارانی شوێنەوار هەیە

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە شەش هەزار پێگەی شوێنەواری هەیە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە پلانیدایە ناوچە شوێنەوارییەکان نۆژن بکاتەوە و بایەخی زیاتریان پێ بدات بۆ ڕاكێشانی گەشتیاران.
چوارشەممە، 19ـی شوباتی 2025، کەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری شوێنەواری هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: پلانمان هەیە گرنگی زیاتر بە پێگە شوێنەوارییەکان بدەین، بەتایبەتی لەڕووی گەشتیارییەوە، چونکە شوێنەوار هۆکارێکی سەرەکییە بۆ سەرنج ڕاکێشانی گەشتیاران.
بەڕێوەبەری شوێنەوار گوتیشی: پرۆسەی کنە و پشکنین بۆ هەموو ئەو شوێنانە دەکرێت، کە گومان دەکرێ پێگە و ناوچەی شوێنەواریین، ئێستا زیاتر لە شەش هەزار پێگەی شوێنەواریمان هەیە، چەند شوێنێکیش لەژێر نۆژەنکردنەوە دان.
مانگی ڕابردوو، لە دەشتی ناڤکوڕ، بە دووری چەند کیلۆمەترێک لەشارۆچکەی ڕووڤیای پارێزگای دهۆک، لە دوو ناوچەی شوێنەواری، گرێ ئاسنگەران و کانیی ئەسپەهان، جۆرێک گۆزە دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەی بۆ هەشت هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.