ئێران.. هەزاران بەساڵاچوو کەوتوونەتە سەر شەقامەکان

ڕاوێژکارێکی باڵای کاروباری بەساڵاچووان لە ڕێکخراوی چاودێریی کۆمەڵایەتی ئێران، دەڵێت: خەریکە قەیرانی بەساڵاچووان لە وڵاتەکەیدا، دەبێتە گەورەترین قەیران، گوتیشی، هەزاران بەساڵاچوو بێماڵ و حاڵن و لەسەر شەقامەکان دەمێننەوە. هەروەها ژمارەیەکی زۆری خانەنشینانیش بەهۆی ئەوەی مووچەکانیان بەش ناکات و دۆخی ئابوورییان خراپە، بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە و ڕوو لەو ماڵانە دەکەن کە خەڵکی داڵدە دەدەن.

ئەحمەد دلبەری، ڕاوێژکاری باڵای کاروباری بەساڵاچووان لە ڕێکخراوی چاودێریی کۆمەڵایەتیی ئێران، بە ڕۆژنامەی ''هەم‌میهەن''ـی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، چوار هەزار و 800 بەساڵاچوو لەسەر شەقامەکان دەمێننەوە.

ئەحمەد دلبەری، گوتیشی: منداڵانی بەساڵاچووان دایک و باوکی خۆیان لە نەخۆشخانە و مەزاری ئیمامزادەکاندا بەجێ دەهێڵن. خانەنشینانی بێماڵ و حاڵیش لەو ماڵانەدا دەمێننەوە کە خەڵکی بێنەوا داڵدە دەدەن، کە بە گەرمخانە ناسراون.

دلبەری، کە هاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنی زانستیی بەساڵاچووانی ئێرانیشە، ڕایگەیاندووە "خەریکە قەیرانی بەساڵاچووان دەبێتە گەورەترین قەیران، بێجگە لە هەزاران بەساڵاچووی سەر شەقامەکان، 30% خانەکانی بەساڵاچووانیش خەڵکی بەساڵاچووی بێناسنامەی تێدایە." 

ئەو بەرپرسە، هۆشداریشی دا لەوەی توێژی بەساڵاچووان زۆر بە خێرایی گەشە دەکەن لە ئێران، بێگومان 10 ساڵی تر وڵاتەکە یەک ڕۆژی خۆش لە بواری بەساڵاچووییدا بە خۆوە نابینێت.

حیسامەددین علامە، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نیشتمانیی بەساڵاچووانی وڵاتەکە لە ناوەڕاستی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا بە پشتبەستن بە داتاکانی ناوەندیی ئاماری ئێران ڕایگەیاند، نزیکەی نۆ ملیۆن و 850 هەزار بەساڵاچوو لەو وڵاتەدا هەن کە لەم ژمارەیە، پێنج ملیۆن و 150 هەزاریان ئافرەتن و چوار ملیۆن و 700 هەزاریان پیاون.

داتا فەرمییەکانی ئێران دەری دەخەن نزیکەی حەوت ملیۆن و 500 هەزار کەس لە دانیشتووانی بەساڵاچووی وڵاتەکە لە شارەکان و زیاتر لە دوو ملیۆن و 300 هەزار کەسیان لە گوندەکاندا دەژین.

بەپێی توێژینەوەکان، مووچەی %25ـی خانەنشینانی ئێران لە خوار کەمترین مووچەوەیە و نزیکەی 60% مووچەکان لە خوار هێڵی هەژارییەوەن و ناتوانن تێچووەکانی خۆیان دابین بکەن، لە ئەنجامدا یان ڕوو لە کاری نافەرمی دەکەن، یان ماڵوحاڵیان لە دەست دەدەن.