میری قەتەر گەیشتە تاران

چوارشەممە، 19ـی شوباتی 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کۆمەڵگەی مێژوویی سەعد ئاباد لە تاران، پێشوازیی لە میری قەتەر، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی و شاندی یاوەری کرد.
دوای ڕێوڕەسمی پێشوازیی لە میری قەتەر، مەسعود پزیشکیان و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی کۆ بوونەوە.
سەرۆک کۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان، ڕۆژی 2ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، سەردانی قەتەری کرد و لەگەڵ میری قەتەر کۆ بووەوە و بەشداریی لە کۆڕبەندی بازرگانی دیالۆگی هاوکاریی ئاسیا لە دەوحە کرد.
لەو سەردانەدا، بەرپرسانی باڵای ئێران و قەتەر بەڵگەنامە و یاداشتنامەی لێکگەیشتنیان بۆ هاوکاری لە کەرتە جۆراوجۆرەکانی ئابووری، بازرگانی، ڕۆشنبیری، پەروەردەیی و وەرزشی ئیمزا کرد.
لەلایەکی دیکەوە، سەعد عەبدوڵلا سەعد مەحموود ئال شەریف، باڵیۆزی قەتەر لە تاران بە ئاژانسی هەواڵی قەتەری ڕاگەیاندبوو، سەردانەکەی شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر بۆ تاران گوزارشت لە بەهێزی و پتەویی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات دەکات.
ئاماژەی بەوەش کرد، سەردانەکەی میری قەتەر بۆ ئێران، ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە لە بواری ئابووری، بازرگانی و وەبەرهێنان، هەروەها تاوتوێکردنی زۆر بابەتی هاوبەشە لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، گوتیشی: سەردانەکە بایەخێکی زۆری هەیە، هەروەها دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی تێڕوانینی هەردوو وڵات، لەسەر پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کە پێویستیان بە هەماهەنگی و هاوکاریی زیاتری نێوان وڵاتانی ناوچەکە هەیە.
ڕوونیشی کردەوە: پەیوەندییە باشەکانی نێوان هەردوو وڵات، لە زۆر بابەتی گرنگدا بە ئەرێنی ڕەنگدانەوەی هەبووە، دوایینیان ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دەستبەسەرکراوان بوو لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمەریکا، کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە سامانی بلۆککراوی ئێران لە کۆریای باشووردا ئازاد کرا.
باڵیۆزی قەتەر لە تاران، گوتیشی، سەردانەکە دەرفەتێکی گرنگە بۆ کردنەوەی ئاسۆی نوێی هاوکاری نێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاکاندا، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەل بەدی بهێنێت.