حەماس: ئامادەین سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد بکەین

ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس، دووپاتی کردەوە، کە ئامادەن سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەکان لە چوارچێوەی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست، ئازاد بکەن.

چوارشەممە 19ـی شوباتی 2025، تاهیر نونو، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس، بە ئاژانسی فرانس پرسێسی ڕاگەیاند "لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە و لە قۆناغی دووەمدا، ئامادەین کە سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەکان بە جارێک ئازاد بکەین، نەک وەک قۆناغی یەکەم هەر جارە و ژمارەیەک ئازاد بکەین."

بنەماڵەی بارمتەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا پێشوازییان لە هەواڵی گەڕانەوەی بارمتەکان کرد، کە بڕیارە شەممەی داهاتوو ئازاد بکرێن.

بەپێی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە، حەماس ئامادەیە لە قۆناغی دووەمدا، 33 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد بکات، لە بەرامبەردا هەزار و 900 زیندانی فەڵەستینیش لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازاد دەکرێن.

لە سەرەتای دەستپێکردنی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە کە بڕیارە لە 1ـی ئازار کۆتایی پێ بێت، 19 بارمتەی ئیسرائیلی و هەزار و 134 زیندانی فەلەستینی ئازاد کراون. بەپێی زانیارییەکان هێشتا 70 کەس لە غەززە دەستبەسەرن، بەڵام سوپای ئیسرائیل دەڵێت: 35 کەسیان مردوون.

سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025، خەلیل حەییە، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری حەماس، گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا "بڕیاریان داوە ڕۆژی پێنجشەممە، تەرمی چوار بارمتەی ئیسرائیلی ڕادەست بکەن." گوتیشی: لە بەرانبەردا دەبێت ئیسرائیلیش ڕۆژی شەممە ژمارەیەک زیندانی فەڵەستینی ئازاد بکات.

خەلیل حەییە، ئاماژەی بەوەش کرد، بزووتنەوەکە، لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە، ئامادەیە ڕۆژی شەممەی داهاتوو شەش بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد بکات.

لای خۆیەوە ئیسرائیل ڕایگەیاند: کە حەماس ئامادەی ڕادەستکردنی تەرمی چوار بارمتەی ئیسرائیلییە لە ڕۆژی پێنجشەممە و، هەروەها ئازادکردنی شەش بارمتەش لە ڕۆژی شەممە.