مەسرور بارزانی: ڕێگریی لە جووتیاران کارێکی نادەستوورییە و قبووڵکراو نییە

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: دژی هەموو جۆرە ستەمکارییەکین بەرانبەر جووتیاران کە خاوەنی ڕەسەنی زەوییەکانیانن و دەبێت ئازادانە مافی کێڵان و سوودوەرگرتنیان لە موڵکی خۆیان و باوباپیرانیان هەبێت.

چوارشەممە، 19ـی شوباتی 2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنەکە کۆ بووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران باسی لە ڕووداوی دەستدرێژی و ڕێگریی لە جووتیارانی ڕەسەنی کورد لە سنووری شارەدێی سەرگەڕان لە پارێزگەی کەرکووک لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کرد و ئاماژەی بەوە دا "ئەم ڕەفتارە، کارێکی نادەستووریی و نایاساییە و قبووڵکراو نییە".

جەختی لەوەش کردەوە، کە دژی هەموو جۆرە ستەمکارییەکن بەرانبەر جووتیاران، کە خاوەنی ڕەسەنی زەوییەکانیانن و دەبێت ئازادانە مافی کێڵان و سوود وەرگرتنیان لە موڵکی خۆیان و باوباپیرانیان هەبێت.

هاوکات سەرۆک وەزیران، بە ناوی ئەنجوومەنەکەوە، پشتیوانیی بۆ مافە ڕەواکانی جووتیارانی خاوەنی ڕەسەنی ئەو زەوییانە دووپات کردەوە و جەختیش کرایەوە کە پێویستە لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 33ـیساڵی 2025 کە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ڕژێمی بەعس و گەڕانەوەی زەوی بۆ جووتیارانی خاوەنی ڕەسەنی ئەو زەوییانە پەسەندی کرد، ئیتر کۆتایی بە هەموو بەربەست و ئاستەنگێک بهێنرێت تا جووتیاران سوود لە زەویيەکانیان وەربگرن.

دووشەممە، 17ـی شوباتی 2025، سوپای عێراق لە گوندی شەناغە، هەوڵیان دا ڕێگریی لە کێڵانی زەویی جووتیارانی کورد بکەن، جووتیارانیش ڕووبەڕوویان بوونەوە و گوێیان بە هەڕەشەکانی سوپا نەدا و دەستیان بە کێلانی زەوییەکانیان کرد.

سوپای عێراق ئاماژەیان بەوە کرد، بڕیاریان بۆ هاتووە ڕێگریی لە جووتیارانی کورد بکەن لەوەی زەوییەکانیان بکێڵن، بەڵام جووتیارانی کوردیش ڕژد بوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت زەوییەکانیان بکێڵن و خاکەکەیان بەجێ نەهێڵن.