بەڕێوەبەری گشتیی کۆڕەک: مافی هاوبەشانی ئینتەرنێتی هێڵەکە نافەوتێت

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم، دڵنیایی دەداتە هاوبەشەکانی هێڵەکە و دەڵێت: مافی هاوبەشەکانی ئینتەنێت پارێزراوە و نافەوتێت.

چوارشەممە 19ـی شوباتی 2025، چاوشین حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئەو ڕێکارانەی لەلایەن دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، دژی کۆڕەک گیراونەتەبەر سیاسین و یاسایی نین."

هاوکات ئاماژەی بەوە دا، لە ماوەکانی ڕابردوو لەگەل دەستەکە لەسەر چارەی کۆی ئەو کێشانەی کە بۆ کۆمپانیای کۆڕەک دروستیان کردبوو، ڕێک کەوتبوون، بەڵام ئیستا ئەوان لە قسەکانی خۆیان پەشیمان بوونەتەوە.

جەختی لەوەش کردەوە، ڕێکارەکانی دژی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بووە.

چاوشین حەسەن، دڵنیایی دەداتە هاوبەشانی هێڵەکە و دەڵێت: مافی هاوبەشانی ئینترنێت نافەوتێت و پارێزراوە، هەروەها سوپاسی پشوودرێژیشیان دەکات.

گوتیشی: لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت بۆ هاوبەشەکانمان بگەڕێنینەوە.

شەوی سێشەممە 18ـی شوباتی 2025، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی لەسەر بەکارهێنەرانی هێڵی کۆڕەک تیلیکۆم پچڕاند.